گرێبەستی 1500 مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەکرێنە هەمیشەیی

16-04-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بۆ دامەزراندنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە کەرکووک، وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوای نوێکردنەوەی مامەڵەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کردووە. سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، زیاتر لە هەزار و 500  گرێبەستی خوێندنی کوردی دادەمەزرێن، بەڵام ئەوانە ناگرێتەوە، کە مووچەیان لەسەر هەرێمی کوردستانە.
 
رۆژی یەکشەممە، 16ـی نیسانی 2023، پەروین فاتیح، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاری دامەزراندنی 17 هەزار و 500 کەسی لە گرێبەستەوە بۆ هەمیشەیی دەرکردووە، لەو ژمارەیە هەزار و 25 مامۆستا و 477 فەرمانبەر و کارمەندانی کارگێڕیی خوێندنی کوردیش دەکرێنە هەمیشەیی.
 
پەروین فاتیح، کە هاوکات وەکو سەرۆکی لیژنەی بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دیاریکراوە، گوتی، کاری لیژنەکەیان رێکخستنی مامەڵەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی. گوتیشی: "مامۆستا یان فەرمانبەر هەیە لە 2010ـەوە گرێبەستە ئێستا وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوایکردووە بڕوانامەکانیان نوێبکرێتەوە و مامەڵەی نوێ و تایبەت ئاراستەی پەروەردە بکەن".
 
لە کەرکووک 7 هەزار و 850 مامۆستا و 750 وانەبێژ وانە بە قوتابیانی بەشی خوێندنی کوردی دەڵێنەوە، زۆرینەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچە وەردەگرن. پەروین فاتیح دەڵێت، ئەو کەسانەی لە خوێندنی کوردیی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەشێوەی هەمیشەیی دادەمەزرێن، پێشتریش مووچەیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەرگرتووە.
 
سەرۆکی لیژنەی بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، لە پشکی دامەزراندنەکەدا جگە لە مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی، مامۆستا و فەرمانبەری دیکەی کورد لە بەشەکانی دیکەی پەروەردەی کەرکووکدا هەن، کە گرێبەست بوون و ئەوانیش دەکرێنە هەمیشەیی.
 
لە کەرکووک 550 قوتابخانە و باخچەی ساوایان هەن، کە سەر بە خوێندنی کوردین؛ 98 هەزار قوتابی و 10 هەزار منداڵ لەو قوتابخانانە و باخچەکانی ساوایانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە