هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: هەسەدە سەرکردەیەکی داعشی دەستبەسەرکرد

16-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە لە دێرەزوور سەرکردەیەکی داعشیان دەستبەسەر کردووە. 

ئێوارەی رۆژی شەممە، 15ـی نیسانی 2023، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزەکانی هەسەدە بەیانیی رۆژی شەممە سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوویان لە دێرەزوور کرد و مەحموود سەید، سەرکردەیەکی داعشیان دەستبەسەر کرد. 
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، هەسەدە بە راوێژ و پاڵپشتیی ئەوان "پلانێکی سەرکەوتوویان بۆ دەستبەسەرکردنی سەید داناوە، کە بە سەرکردایەتیی ژمارەیەک شانەی داعشی دەکرد". 
 
ئەو شانانەی داعشیش، وەکو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی باسیان دەکات، "هاوئاهەنگییان لە بەدەستهێنانی چەک و تەقەمەنیدا کردوووە و پارەیان بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە سەرتاسەری ناوچەکەدا کۆکردووەتەوە."
 
جۆنانسن فێرەر، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا دەڵێت: "سەرکەوتنی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەربەست بۆ تۆڕی چەک و دارایی داعش دروستدەکات". دەشڵێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات "بە هاوبەشێکی گرنگمان لە تێکشکاندنی داعش دەمێنێتەوە".  
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە راوێژ و هاوکاریکردنی هاوبەشەکانیان "بۆ فەراهەمکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکە." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە