کوردستان
تیمێک لە مەرەشی باکووری کوردستان لەکاتی هەڵدانەوەی پاشماوەی باڵەخانەیەک بۆ دەرهێنانی تەرمی بێسەروشوێنبووانی بوومەلەرزەکە. وێنە: AA
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە میدیای تورکیا بڵاوبووەتەوە، تائێستا 6100 پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە بوومەلەرزەکەی مەرەش کە 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیای هەژاند، گیانیان لەدەستداوە.
تەها ئەلغازی، چالاکڤانی سووری، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 15-02-2023 رایگەیاند، تائێستا 6100 پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە بوومەلەرزەکەی مەرەش گیانیان لەدەستداوە.
ئەو چالاکڤانە سوورییە باسی لە دۆخی پەنابەرەکانی ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو لە تورکیا و باکووری کوردستان کرد و گوتی، ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سووری لەژێر داروپەردوو بەهۆی ئەوەی زمانی تورکی نازانن، ناتوانن داوای هاوکاری بکەن. تەنانەت ئەوانەش کە رزگاریان بووە و ئێستا بێ ماڵ و حاڵن.
ئەو پارێزگایانەی رۆژی 06-02-2023 بە بوومەلەرزەکەی مەرەش هەژان، زۆرترین پەناخوازی رۆژئاوای کوردستان و سووریایان تێدا نیشتەجێن. هەربۆیە ژمارەی قوربانیانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا زۆرە.
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیان و کاژێر 12:43 خولەکی نیوەڕۆی 6ی شووباتی 2023 دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر روویاندا، چەقەکەیان لە مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی گرتەوە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تائێستا زیاتە لە 36 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ