رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا ئاشکرایکرد، لە مەلەتی بەنداوێک درزی تێکەوتووە و بەهۆیەوە ئاوەکەی بەردەدەنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی شوباتی 2023، واحید کیریشچی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکان لەگەڵ موراد کوڕوم، وەزیری ژینگە و شارسازیی تورکیا لەبارەی دوایین دۆخی پارێزگای مەلەتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان سازکرد.
واحید کیریشچی رایگەیاند، لە مەلەتی پشکنینیان بۆ هەردوو بەنداوی سورگو و سوڵتان سویو کردووە. دەشڵێت، "بەنداوی سوڵتان سویو درزی تێکەوتووە و ئەندازیاران لە تیمی پسپۆڕ، پێیان راگەیاندین کە مەترسیی تەقینی بەنداوەکە نییە، بەڵام بۆ بەرگرتن لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر بوومەلەرزەیەکی بەهێز و لەبەرچاوگرتنی ئەوەی رۆژانە لە مەلەتی پاشلەرزە روودەدات، دەستمان کرد بە بەردانەوەی ئاوەکە بۆ ئەوەی کارەسات روونەدات".
واحید کیریشچی راشیگەیاند، بوومەلەرزەکە لە هەر 10 پارێزگاکەدا بە رووبەری 103 هەزار کیلۆمەتر روویداوە و کاریگەریی خستووەتەسەر تەواوی ناوچەکە کە زیاتر لە 13.5 ملیۆن کەس تێیدا دەژین.
لەبارەی زیانی بوومەلەرزەکە بۆ سەر سامانی ئاژەڵیش، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا رایگەیاند، لە مەلەتی 7212 ئاژەڵ مرداربوون، کە 1462یان سەرئاژەڵی گەورەن و 5750یان سەرئاژەڵی بچووکن و 101 هەزار تۆن ماسی مردوون. هەروەها 13 پرۆژەی ئاودێری و 240 خێوەتی کێڵگەکانی پەلەوەر بە تەواوەتی خاپوور بوون.
دواتر موراد کوڕوم، وەزیری ژینگە و شارسازیی تورکیا رایگەیاند، 39 هەزار و 311 باڵەخانە پشکنینیان بۆ کراوە کە لە 194 هەزار و 685 شوقە پێکدێن. باسی لەوەش کرد "بۆمان دەرکەوت 10 هەزار و 333 باڵەخانە زیانی زۆریان بەرکەوتووە و بڕیاری دەسبەجێ رووخاندنیان دراوە. هەروەها لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا چیدی رێگە نادرێت باڵەخانەی ستوونی بەرز دروستبکرێت و رێگەنادەین هیچ باڵەخانەیەکی نوێ لە شەش نهۆم بەرزتر بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ