رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، ئەمڕۆ لە هەولێر سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی کۆبوونەتەوە.
هۆشیار زێباری لە پۆستێکی ئێکس دا دەڵێت: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەولێر، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی و پێگەی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە دیمەشق بۆ راگواستنێکی سیاسیی ئارام. سوپاس بۆ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی: بڕیارە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
سەفین دزەیی رایگەیاند: "مەبەستمانە ئاسایش بۆ گەشت خەڵکی سووریا و کورد لە رۆژئاوای کوردستان بگەڕێتەوە. هەوڵێک لە ئارادایە ئەو گوشارەی لەسەر ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان هەیە کەمتر بێتەوە و بتواندرێت بە کۆدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق بکەن، ئەویش بە ئامانجی مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باش بۆ کورد".
رۆژی دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەم، د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی رۆژئاوای کوردستان کرد و لە حەسەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، کۆبووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکە کە داخراو بوو لەبەردەم میدیا، د. حەمید دەربەندی، پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی گەیاند، کە جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی کورد کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکانی سووریا.
میدیای هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاوی کردەوە، مەزڵووم عەبدی سوپاسی پەیام و پشتیوانی سەرۆک بارزانی کردووە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە قۆناخی ئێستا پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان هەموو لایەنە کوردییەکان هەیە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و دەستەبەرکردنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ