رووداو دیجیتاڵ
هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر سەرکۆنەی تووندی بەشێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، لەنێویاندا ئەمریکا، چین، بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان.
هێرشەکە درەنگیی شەوی رابردوو لە رێگەی ژمارەیەک مووشەکی بالیستییەوە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئەنجامدرا و بووە هۆی کوژرانی چوار کەسی سڤیل و برینداربوونی 16 کەسی دیکە.
ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، کەنەدا، چین، فینلاند و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە جیا سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و داوایان کرد رێز لە سەرەوەریی خاکی عێراق بگیرێت.
ئێران چی دەڵێت؟
هەر زوو سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و گوتی، مووشەکەکان "بارەگەیەکی سیخوڕی"ـی ئیسرائیلیان لە هەولێر کردووەتە ئامانج؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بارەگاکە "ناوەندێک بوو بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی و دانانی پلانی تیرۆریستی دژی ناوچەکە". حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکە رەت دەکاتەوە. قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراقیش کە سەرۆکایەتی ئەو لیژنەیە دەکات محەممەد شیاع سوودانی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێکیهێناوە، تۆمەتەکەی ئێرانی رەتکردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لە بارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، "ئەو هەنگاوە سەربازییەی ئێران دژی تیرۆریستەکان، بەرگرییەکی بەهێز بووە لە ئاسایشی وڵاتەکەمان".
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئێران بەردەوام پشتیوانی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە و رێز لە سەروەری خاکی هەموو وڵاتان دەگرێت، بەڵام دوودڵیش نییە لە سوودوەرگرتن لە مافی یاسایی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرچاوەکانی هەڕەشەی سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵات و بەرگری لە ئاسایشی دانیشتووانی و سزادانی تاوانکاران".
هەرێمی کوردستان تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و عێراقیش دژی ئێران هەنگاو دەنێت
هەرێمی کوردستان تۆمەتەکانی سوپای پاسداران رەتدەکاتەوە و عێراقیش بڕیاریدا لێکۆڵینەوە بکات، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا دژی ئێران تۆمار بکات و باڵیۆزەکەشی لە تاران بانگکردەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رۆژی سێشەممە گوتی، هێرشەکان "بێ هۆکارن و نابێت بێ وەڵام بمێننەوە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای هەڵوێستی جیدی لە حکومەتی عێراق کرد و گوتی، "هیوادارین تەنیا بە سەرکۆنەکردن کۆتایی نەیەت".
حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد، بە "دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی" خۆی ناویبرد و رایگەیاند، لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا دژی ئێران تۆمار دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش گوتی، "هێرشەکەی ئێران شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی بە مووشەکی بالیستی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە خەڵکی مەدەنیی بێتاوان بوونەتە قوربانی،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەو هەڵسوکەوتەی ئێران بە دەستدرێژی بۆ سەر ئاسایش و گەلی عێراق، هەروەها خراپەکاری بەرامبەر ئاسایشی ناوچەکە هەژمار دەکات و هەموو رێکارێکی یاساییش بەرامبەری دەگرێتەبەر، لەوانە سکاڵاکردن لە ئەنجوومەنی ئاسایش".
هەروەها قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کە سەرۆکایەتیی لیژنەی لێکۆڵینەوە تایبەت بە هێرشەکەی هەولێر دەکات، دەڵێت، "بانگەشەی بەئامانجکردنی بارەگەیەکی مۆساد لە هەولێر، هیچ بنەمایەکی نییە".
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
ئەمریکا
ئەمریکا رۆژی دووشەممە بەکاتی واشنتن، (سێشەممە بەکاتی هەولێر)، سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و هۆشداریدا ببنە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە.
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دژی هێرشە مووشەکییە بێباکانەکانی ئێرانین کە سەقامگیری عێراق تێکدەدەن".
پێشتر، گوتەبێژێکی کۆشکی سپی بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی راگەیاندبوو هیچ هێز، دامەزراوە و کارمەندی ئەمریکی لە هێرشەکەدا نەکراونەتە ئامانج.
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا گوتی، "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی مووشەکی کوشندەی ئێران دەکەم بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە بێباکانە و نابەرپرسیارانە خەڵکی سڤیلی کردە ئامانج".
نەتەوە یەکگرتووەکان
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق - یونامی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە، رۆژی سێشەممە، هێرشەکەی بە "تووندی" سەرکۆنە کرد.
یونامی دەڵێت، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر هەولێری هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین کە بووە مایەی کەوتنەوەی قوربانی لە نێو خەڵکی سڤیل".
نێردەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە "هێرشەکان لەلایەن هەر کەسێکەوە بن، پێشێلکردنی سەروەری و یەكێتیی خاکی عێراقن و پێویستە بوەستێنرێن"؛ داواش دەکات پرسە ئەمنییەکان "لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەربکرێن، نەوەک هێرش".
بەریتانیا
دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، "بەریتانیا سەرکۆنەی هێرشەکانی دوێنێ شەوی رژێمی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات".
کامیرۆن هەروەها نووسیویەتی، "ئەم کارە بێپاساو و ناڕەوایانە پێشێلکاریی قبووڵنەکراون دژی سەروەری و سەلامەتیی خاکی عێراق. دڵمان لای کەسوکاری قوربانیانە".
هەروەها ستیڤن هێچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا، لە بارەی هێرشەکەوە دەڵێت، "سەرکۆنەی دووژمنکاریی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەم کە پێشێلکارییە دژی سەروەری و سەلامەتیی خاکی عێراق".
هێچن هەروەها دەڵێت، "سەرەخۆشی قووڵی خۆم لە خێزانی ئەو کەسانە دەکەم کە لە هێرشەکەدا کوژران و لەم کاتە هەستیارەدا پشتیوانیی خۆم بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕم".
فەرەنسا
پاریس لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکەی بە "پێشێلکاریی زەق، قبووڵنەکراو و مەترسیدار" ناوبرد.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا رۆژی سێشەممە گوتی، "فەرەنسا بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکان دەکات، بە تایبەتی ئەوانەی بە مووشەکی بالیستی کرانە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی ئۆتۆنۆمیی کوردستانی عێراق".
وەزارەتەکە دەشڵێت، "ئەم جۆرە کارانە پێشێلکاریی زەق، قبووڵنەکراو و نیگەرانکەری سەروەریی عێراقن و هێرشن بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی عێراق، لە نێویدا کوردستان".
پاریس پێیوایە هێرشەکانی ئێران "دەبنە هۆی زیادبوونی گرژییە نێودەوڵەتییەکان و پێویستە بوەستێنرێن".
کەنەدا
کاتی بونکا، باڵیۆزی کەنەدا لە بەغدا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر هەولێر دەکەم".
باڵیۆزەکە دەشڵێت، "بە ناوی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە بەغدا و نووسینگەی باڵیۆزخانەوە لە هەولێر، پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان دەکەم".
چین
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رۆژی سێشەممە، لە پەکینی پایتەختی وڵاتەکەی بە مەهدی فەرەج، پەیامنێری رووداوی گوت، "چین هەمیشە داوای رێزگرتن، پاراستنی سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات".
نینگ گوتیشی، چین داوا لە لایەنەکان دەکات "دان بە خۆیاندا بگرن و خۆیان لە هەر کارێک بەدووربگرن کە گرژییەکان زیاتر بکات. ئێمە پێکەوە کاردەکەین بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە".
ئەڵمانیا
باڵیۆزخانەی ئەڵمانیاش لە بەغدا رایگەیاند، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی دوێنێ شەوی هەولێر دەکەین".
باڵیۆزخانەکە دەشڵێت، "ئەم دوژمنکارییە پێشێلکارییەکە دژی سەلامەتیی خاکی عێراق و هەڕەشە لە سەقامگیریی هەرێمی دەکات".
فینلاند
ئانوو سارێلا، باڵیۆزی فینلاند بۆ بەغدا، لە کاتی بەشداریکردنی لە بۆنەیەکدا لە هەولێر، بە پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداوی گوت، "ئێوارەی دوێنێ، ئێمە بەو هێرشانە شۆک بووین. ئێمە سەرکۆنەی هەر هێرشێک بۆ سەر خەڵکی سڤیل دەکەین. سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خێزان و هاوڕێیانی قوربانیان دەکەم. ئەمە رێگەیەکی راست نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. پێویستە رێگەیەکی ئاشتیانە هەبێت."
تورکیا
رۆژی سێشەممە، مەولوود یاقووت، کۆنسووڵی تورکیا لە کاتی بەڕێکردنی تەرمی پێشڕەو دزەیی بۆ گۆڕستان، گوتی، ئەوان لە هێرشەکە "دڵگرانن".
یاقووت لە وەڵامی پرسیارێکی پەیام سەربەستدا گوتی، "هاتووین بۆ ئەوەی هاوسۆزی و پشتیوانی خۆمان دەرببڕین و سەرەخۆشیان لێ بکەین. من بەڕێز پێشڕەوم لە نزیکەوە دەناسی. پیاوێکی خۆشەویست بوو. بازرگان بوو. لێرەم بۆ ئەوەی هاوسۆزیی و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خێزانەکەی بکەم. دڵگرانین لە بەرامبەر ئەو شتەی شەوی رابردوو روویدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ