رووداو - حاجی ئۆمەران
حاجی ئۆمەران یەکێک لە ناوچە ساردەکانی باشووری کوردستانە، بەڵام تەزووی کارەبای بەردەوام وای لە دانیشتووانەکەی کردووە کەمتر لە بیری کڕینی سووتەمەنیدا بن. کارەبایان لە ئێرانەوە بۆ هاتووە و 24 کاژێر و بەبێ دانانی ئەمپێر لێی سوودمەندن.
فەرهاد حاجی ئۆمەرانی، بەرپرسی فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبای حاجی ئۆمەران دەڵێت، "کارەباکەمان فرییە و 24 کاژێرییە، لە ئێرانەوە هاوردەمان کردووە و کیلۆ واتی بە 10 سەنت کڕیومانە، 10 سەنت دەکاتە 157 دینار و ئێمە بە 18 دینار بە خەڵکمان داوە و میرییەکان و بازرگانییەکانیش جیاوازن."
780 خێزان دانیشتووی حاجی ئۆمەرانن، ژمارەیان نزیکەی 4000 کەسە. سەرمای تەزێنەر وایکردوو کەمتر خەڵکی لە دەرەوە ببینیت.
ئەمساڵ حکومەت تەنیا 200 لیتر نەوتی سپیی لە سنوورەکە دابەشکردووە. 24 کاژێر سۆپا و هۆکاری دیکەی گەرمکەرەوە کار دەکەن، پلەی گەرمیی ژوورەکانیان نزیک 30 پلەیە و کرێی مانگانەی کارەبایان 150 بۆ 200 هەزار دینارە بەپێی بەکارهێنان.
ئیبراهیم حەمدان، موختاری حاجی ئۆمەران دەڵێت، "کارەبا نەبێت سی ماڵ لە حاجی ئۆمەران نامێننەوە زستانان، چونکە دڵخۆشیی کارەبای بەردەوامە خەڵکی لێرە دەمێننەوە. بۆ نموونە، سەیری ماڵەکەی من بکە، هەمووی بە کارەبا گەرم دەبێت، حکومەت بەرمیلێک نەوتی پێ فرۆشتووین، با نەڵێم پێی داوین، چونکە 103 هەزار دیناری لێ وەرگرتووین لە بەرامبەردا بەرمیلێک نەوت بەشی سەماوەریش ناکات. خۆ ئەگەر کارەباکە نەبێت ئەوا 15 بەرمیل نەوتمان دەوێت ساڵانە."
لە ساڵی رابردوودا ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ حاجی ئۆمەران کراون، گرنگترینیان کارکردنە لە رێگەی سەرەکیی چۆمان - حاجی ئۆمەران.
عەبدولوەهاب مەحموود، بەڕێوەبەری شارۆچکەی حاجی ئۆمەران دەڵێت، "لە ساڵی 2022 کۆمەڵێک پرۆژە لە حاجی ئۆمەران کراون کە تێچووەکەیان 600 ملیۆن دینار بووە، پرۆژەکان لە بواری رێگەوبان، ئاودێری و ئاوی خواردنەوە و کارەبا و رێگەوباندان، ئەمە جگە لە پرۆژەی ستراتیجیی رێگەی دووسایدی چۆمان - حاجی ئۆمەران کە ئەمساڵ بە بەهای دوو ملیار دینار کاری تێدا کراوە."
تاکە دەروازەی نێودەوڵەتیی پارێزگای هەولێر لە حاجی ئۆمەرانە، رۆژانە نزیکەی 700 بارهەڵگر کاڵا و کەلوپەلی تێدا هاوردە و هەناردە دەکرێت. ئاماری گەشتیاریی رۆژانەشی نزیکەی هەزار گەشتیارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ