لەگەڵ رەنج؛ زیاتر لە 30 ساڵە گرفتی گواستنەوەی گشتی بەردەوامە

16-09-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
دیمەنی پاسی نێوخۆ.
دیمەنی پاسی نێوخۆ.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لەم هەفتەیەدا بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی خراپی و نەبوونی گواستنەوەی گشتی بوو.
 
بەرنامەکە بە بەشداریی ئازاد ئەحمەد، کارگێڕی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی و ئارام بابان، ئەندامی دەستەی كارگێڕی ژووری بازرگانی ‌و ‏پیشەسازیی ‏‏سلێمانی و هەڵكەوت عەبدوڵڵا، شارەزای هاتووچۆ و بورهان محەممەد،‎ ‎‏ پسپۆڕی ئەندازیاریی گواستنەوە و ژمارەیەک لە شۆفێران بەڕێوەچوو.
 
 
لە سلێمانی پاسی تەمەن 44 ساڵ کار دەکات
 
ئازاد ئەحمەد، کارگێڕی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی باسی لەوە کرد، تا مۆدێلی 2014 تاکسی هەیە و بەرەو ژووریان نییە.
 
ئازاد ئەحمەد، هەروەها لەبارەی پاسەکانەوە گوتی:" کۆنترین پاسمان بە نزیکەیی ساڵانی هەشتایە. مۆدێلەکانی 80، 82 و 83ی تێدایە. ئێمە چەند جار داوامان کردووە ئەم پاسانە بگۆڕدرێن. ساڵی 2009 خۆم لە سەندیکا بووم و ئەوکات سەندیکا ئەو داواکارییەی پێشکێشکرد. رێکارەکانی گۆڕینی پاسی کۆن تەواوکران، بەڵام جێبەجێ نەکرا".
 
پاسە کۆنەکان فێنککەرەوەیان نییە یان لەکارکەوتووە. نوێیەکانیش لەبەر نرخ و کوالێتیی بەنزین، فێنککەرەوە هەڵناکەن. ئەمە گلەیی و رەخنەی خەڵکی بەدواداهاتووە.
 
هەروەها ئارام بابان، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی ژووری بازرگانی ‌و ‏پیشەسازیی ‏‏سلێمانی گوتی، حکومەت دەستی لە گواستنەوەی گشتی کێشاوەتەوە. 
 
 
شۆفێرانی پاس مانگی 500 هەزار دیناریان دەستناکەوێت
 
سەبارەت بە باری دارایی شۆفێران ئارام بابان گوتی:"ئێستا لەم کاتەدا شۆفێری پاسەکان زەرەرمەندترینن، چونکە ئەوان رۆژانە 14 کاژێر کاردەکەن. ئەگەر بچێت لە شوێنێکدا پاسەوانی بکات، زیاتری دەستدەکەوێت. ئەوان 500 هەزاریان دەستناکەوێت".
 
هەڵكەوت عەبدوڵڵا، شارەزای هاتووچۆ باسی لەوە کرد کە ئەو سیستمەی لە هەرێمی کوردستانە ناکەوێتە چوارچێوەی 'گواستنەوەی بەکۆمەڵ" چونکە مەرجی گواستنەوەی بە کۆمەڵ ئەوەیە چەند هێڵێکت هەبێت و کاتەکانی گەیشتنیان بە وێستگەکان دیار بێت، هاوکات سەلامەتی، ئاسوودەیی و تەندروستیی سەرنشین دەستەبەر بکات.
 
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکە هەڵكەوت عەبدوڵڵا رایگەیاند، ئەو چارەسەرکردنە تەنیا لەلای حکومەت نییە و دوولایەنەیە. یەکێک لە کێشەکان گۆڕانکاریی هێڵەکانی پاسە "ئەگەر سیستمی پاس بگۆڕێت بۆ پاسی گەورە؛ بۆ نموونە 60 کەسی، ئەوکات لەبری 60 ئۆتۆمبیل یەک ئۆتۆمبیل کاردەکات کە ئەمە بۆ ژینگەش باشە. لێرەدا دەبێت پاسە کۆنەکان نوێ بکرێنەوە. بۆ نموونە شۆفێری پاس دەڵێت من ئەم هێڵەم کاتی خۆی بە 3 یان 4 دەفتەر دۆلار کڕیوە. ئەمەم لەکوێ دەستبکەوێتەوە؟ ئەمە دەبێت چارەسەر بکرێت. دەکرێت ئێمە تا کۆتایی زەمەن، لەبەر ئەوەی بەڕێزێک هێڵەکەی کڕیوە، هەر دەبێت کاری پێ بکات، یانیش حکومەت حکومەت هاوکاری بێت؟ جا لێرەدا حکومەت دەتوانێت ئەو شۆفێرە بە مووچەیەکی باش دابمەزرێنێت".
 
هەڵكەوت عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، لە ئەورووپا تاکسییەک دوای 250 هەزار کیلۆمەتر، ئیدی تاکسی نامێنێت و دەکرێتە تایبەت. 
 
 
شۆفێرانی پاس لە مانگێکدا 17 رۆژ کاریان هەیە
 
بورهان محەممەد،‎ ‎‏ مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ئەندازیاریی گواستنەوە باسی لە سەلامەتیی گواستنەوە کرد و گوتی:"کاتێک سەرنشین لە پاس دادەنیشێت، تا چەند سەلامەتە؟ یانیش تا چەند لەکاتی خۆیدا دەگاتە شوێنی مەبەست؟ هەموو ئەمانە مەرجن. ئێستا ئەگەر شۆفێری پاسێک کاربکات، رۆژانە 35 هەزاری دەستدەکەوێت، ئەمە لەکاتێکدایە ئەو شۆفێرە لە مانگێکدا 17 رۆژ کاردەکات".
 
ئەو پسپۆڕەی ئەندازیاریی گواستنەوەیە باسی لەوە کرد کە سێ توێژینەوەی بەرفراوانی تایبەت بە هاتوچۆ کردووە و گوتی:"ساڵی 1999 لە سلێمانیدا 43 هەزار شۆفێر لە سلێمانیدا هەبووە. ساڵی 2005 دوای گۆڕانکارییەکانی عێراق 93 هەزار ئۆتۆمبیل هەبووە. ئێستا 721 هەزار ئۆتۆمبیل لە سلێمانی هەیە، ئەمە داتای فەرمییە. نزیکەی 600 هەزار ئۆتۆمبیل لەم 19 ساڵە لێرە زیادی کردووە".
 
هەر بەگوێرەی رووپێوییەکی دیکە کە بورهان محەممەد کردوویەتی، بەیانییان 40٪ تا 50٪ی ئۆتۆمبیلە تایبەتەکان یەک کەسی تێدایە. 30٪یان دوو کەسی تێدایە. 17٪یان سێ کەسی تێدایە".
 
هەر شۆفێرێک بیەوێت پاسە کۆنەکەی بگۆڕێت، دەبێت 500 هەزار دینار بدات. لەکاتێکدا داهاتی رۆژانەی ئەو شۆفێرە، 35 هەزار دینارە. 
ئەمە وایکردووە تەنیا لە سلێمانی رۆژانە 150-200 پاسی کۆن بە هەموو مەترسییەکانەوە خەڵک بگوازنەوە.
 
بەشێک لە شۆفێران کە بەشدارییان لە بەرنامەکەدا کردبوو، گلەیی خۆیانیان گەیاندە حکومەت و داوایان کرد کاری جددی لەسەر بابەتی پاس و تاکسی بکرێت و کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.
 
 
هەندێک ئامار سەبارەت بە کەرتی گواستنەوە لە سلێمانی
 
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە زانکۆی سلێمانی کراوە، ساڵی 1999 ژمارەی دانیشتووانی سلێمانی یەک ملیۆن و 400 هەزار کەس بووە، بەڵام ئیستا ژمارەی دانیشتوانی گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس. هەروەها لە ساڵی 1999دا بۆ هەر 100 کەسێک سێ ئۆتۆمبێل لە سلێمانی هەبووە، بەڵام ئێستا بۆ هەر 100 کەسێک 37.6 ئۆتۆمبێلی بەردەکەوێت.
 
بە پێی ئەو داتایانەی لە توێژینەوەکەدا کۆکراوەتەوە، 1450 پاس لە سلێمانی هەیە، 1151یان مۆدیلەکانیان لە دوای ساڵی 2001ەوەن و بەشێکی زۆری پاسەکان کۆنن.
 
لە ساڵی 2017 زۆرترین ژمارەی پاس هەبووە لە سلێمانی کە 7 ساڵ تەمەنیان بەسەردا تێپەریوە و ژمارەیان 453 پاس بووە.
 
شۆفێری پاس لە سلێمانی رۆژانە 35000 دیناری دەستدەکەوێت. لە باشترین دۆخدا پاسێک لە نێوان 13 بۆ 20 رۆژ لە مانگێکدا کار دەکات، رۆژەکانی دیکەی مانگ شۆفێرەکە دەبێ لەسەر گیرفانی خۆی بژیت.
 
هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، دهوک، سلێمانی و هەلەبجە) پێکەوە 25.5٪ لێخۆرەکانی هەموو عێراق پێکدێنن. لە کاتێکدا لە 14٪ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنین.
 
بە پێی ئاماری فەرمی لە ساڵی 1999دا 43000 ئۆتۆمبێل لە پارێزگای سلێمانی هەبووە، لە ساڵی 2005دا ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ 93000 ئۆتۆمبێل. ئێستا ژمارەی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی گەیشتووەتە 721000 ئۆتۆمبێل، کە ئاماری ساڵی 2024ی تێدا نییە.
 
لە ماوەی 19 ساڵدا زیاتر لە 600 هەزار ئۆتۆمبێل لە سلێمانی زیاد بووە. لە نێو ئەو ژمارەی زۆرەی ئۆتۆمبێلدا هەندێک جۆری ئۆتۆمبێل هەن کە زۆربەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە ناوچەی سلێمانی بەهۆی ئەو ئۆتۆمبێلانەن.
 
بە پێی داتای رۆپیوییەک کە لە سلێمانی کراوە، بەیانیان کە خەڵک دەچنە سەر کارەکانیان، لە نێوان 40٪ تا 50٪ی ئۆتۆمبێلەکان تەنیا یەک کەسی تێدایە. لە 30٪یان دوو کەسی تێدایە، لە 17٪یان سێ کەسی تێدایە، کەمترین رێژەش چوار کەسی تێدایە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".