رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، دوو ژنە شەڕڤان لە هێرشێکی درۆنیی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە.
فەرماندەیی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج، رۆژی هەینی 15-9-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوو ژنە شەڕڤانی هاوسەنگەرمان لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی ئۆتۆمبێلەکەیان" لە لایەن درۆنێکی تورکیاوە لە رێگەی گوندی حەتەبات لە باشووری منبج گیانیان لەدەستدا.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ژنە شەڕڤانێکی دیکە و شەڕڤانێکی دیکەی پیاو لە هێرشەکەدا برینداربوون.
راگەیێندراوەکە دەشڵێت، دوای ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا "نەیتوانی لە هیچ بەرەیەکەوە پێشڕەوی بکات و زیانی گەورەی بەرکەوت"، ئێستا تورکیا پەنای بردووەتە بەر "تاکتیکی قێزەون و ترسنۆکانە".
منبج کە ناوچەیەکی زۆرینە عەرەبنشینە، لە ساڵی 2016، لە لایەن هەسەدەوە کۆنترۆڵکرا، دوای ئەوەی کە لە دەستی داعش دەریهێنا.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە هێرشە درۆنییەکانی تورکیا بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 58 کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کە 13یان خەڵکی سڤیل و ئەوانی دیکەش شەڕڤانی هەسەدە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ