رووداو - هەولێر
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ئاماری پێنج مانگی شەڕ و پێکدادانی گەریلاکانی لەگەڵ سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی ئەم پێنج مانگەدا دوو هەزار و 132 سەربازیان کوشتووە و 105 گەریلاش گیانیان لەدەستداوە.
هەپەگە لە راگەیێندراوەکەیدا کە رۆژی پێنجشەممە 15-9-2022 بڵاویکردووەتەوە، باس لەوە دەکات، لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ-قوفڵەوە گەریلاکان زیانی گەورەیان بە سوپای تورکیا گەیاندووە و رێگرییان لە پێشڕەوی ئەو سوپایە کردووە.
هەپەگە دەڵێت، لە ماوەی ئەم پێنج مانگەدا گەریلا هەزار و 881 جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا و لە ئەنجامدا دوو هەزار و 132 سەرباز و ئەندامی دیکەی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کوژراون کە لەنێویاندا 12 گوندپارێز و 13 ئەفسەری باڵا هەن و 290 سەرباز و ئەندامی دیکەی هێزە ئەمنییەکانیش برینداربوون. فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سێ هەزار و 274 جار و هێلیکۆپتەرەکان سێ هەزار و 185 جار بۆردوومانیان کردووە و دوو هەزار و چوار جار تونێلەکانی شەڕ و سەنگەرەکانی پەکەکە بۆردوومان کراون و بەو هۆیەوە 105 گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
وەک هەپەگە دەڵێت، هەر لەو ماوەیەدا سێ هێلیکۆپتەری جەنگیی جۆری ئاتاک، حەوت هێلیکۆپتەری جۆری سکۆرسکی، دوو تانک، 15 ئۆتۆمبێلی زریپۆش، شەش شۆفڵ، سێ حەفارە، 42 درۆن و 78 سەنگەری سوپای تورکیا کراونەتە ئامانج و تێکشکێندراون.
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 379 گەریلا و کوژرانی 59 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 132 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 105 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ