لە کۆیە بووکێک لە رۆژی گواستنەوەیدا هەڵدێت و زاوا بۆی دەگەڕێت

15-05-2023
بەهرۆز فەرەیدوون
وێنەی بووک و زاواکە
وێنەی بووک و زاواکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بووکێک لە کۆیە، بەیانی ئەو رۆژەی کە دەبێت ئاهەنگی گواستنەوەکەی بێت، دیارنامێنێت و هەڵدێت. یادگار، زاوایە و هەر بە جلی زاوایەتییەکەیەوە وا دوو رۆژە وێڵ و سەرگەردان بەدوای بووکەکەیدا دەگەڕێت، بەڵام نەیدۆزیوەتەوە و دەڵێت، زێڕ و پارە و کەلوپەلەکانیشی بردووە.  
 
یادگار، زاواکەیە و دەڵێت: شەوان کە دەچوومە دەرەوە 20 تەلەفۆنی دەکرد تاوەکو دەهاتمەوە کە لەتەنیشتی دەڕۆیشتم هەتا دەستی نەگرتمایە دڵی قەناعەتی نەدەکرد، منیش لەگەڵی دەچوومە بازاڕ و پیاسەم پێدەکرد، نازانم چۆن لەگەڵ دایکی ئەو پیلانەیان رێکخست و ماڵیان پێچایەوە و رۆیشتن.         
 
رووداوەکە بەمجۆرەیە، ماڵی بووک کە هەر دراوسێی ماڵی زاوان ماڵەکەیان گواستووەتەوە بۆ جێیەک کە ماڵی زاوا نازانن کوێیە. دایکی زاوا بەنیازبوو ئاهەنگی گواستنەوەی بووکەکەی ببینێت، بەڵام ئێستا دەڵێت، بۆ زێڕ و پارە فێڵمان لێکراوە. 
 
خەیاڵ، دایکی زاوایە و دەڵێت: پێنج مسقاڵ زێڕم بۆ کردبوو، 3 ملیۆن دیناریشم پێی دابوو، جگە لە شتی دیکەش، ئەوجا گوتی، ماڵی جیام بۆ بکەن، ئەویشمان بۆ کرد. 
 
ماڵی زاوا شین و ماتەمیانە بۆ خۆبزرکردنی بووکەکەیان، برای زاوا کە نابیستە، خەمی براکەیەتی، چونکە لەو رۆژەوە زاوا بە شەقام و کۆڵانی کۆیەدا دەگەڕێت تاوەکو بووکەکەی بدۆزێتەوە و ئەو دەڵێت: بە کرێکاری ژنمان بۆ براکەم هێنا. 
 
براژنی زاوا لە هەموو ئەو دانیشتن و رێوڕەسمانەدا بووە کە بۆ ژنهێنانی کوڕەکەیان رێکخراوە و دەڵێت، مۆبایلی بووک و دایکی داخراوە و ئەوەندەی زانیومانە هەر بە یەکجاری کۆیەیان جێهێشتووە.
 
ئاواز سدیق، براژنی زاوایە و دەشڵێت: چوون جلی بووکێنییان هەڵگرت، پاسیان گرت و تەواو هەموو شتێک کرابوو، بەس گواستنەوە مابوو، نیوەڕۆ هاتنە ئێرە و گوتیان، نانمان نەخواردووە و لێرە نانیان خوارد، دواتر رۆشتن و گوتیان تووشی رووداوی هاتووچۆ بووین، هەموومان چووینە نەخۆشخانە و تەماشامان کرد، هیچ رووداوێکی هاتووچۆش نەببوو کە هاتینەوە ماڵەوە هەڵاتبوون. 
 
ئاهەنگی مارەکردن، شیرینی خواردنەوە، ئارایشتگە و وێنەی یادگاری بۆ ئەو هاوسەرگیرییە کراوە. ماڵی بووک کەلوپەلی پێویستی ماڵەکەیان پێچاوەتەوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە، ئێستا ماڵی زاوا داوا دەکەن حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بووکەکەیان بۆ بدۆزێتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە