رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانیش دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامێکی کۆمەڵی دادگەرییە.
کاژێر 10:30 خولەکی بەیانی رۆژی سێشەممە، 16-05-2023 ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەن و ئەندامان کۆدەبێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 15ـی ئایاری 2023، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوو بابەتی سەرەکی تەوەری کۆبوونەوەکەیان دەبێت؛ یەکێک لەوانە یاداشتی دەستلەکارکێشانەوەی چنار کۆخ، ئەندامی کۆمەڵی دادگەریی هەرێمی کوردستانە.
دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامەکەی کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەکاتێکدایە، لە کۆبوونەوەی گشتیدا کە رۆژی 1ـی ئایار لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بڕیاری کشانەوەی نوێنەرانی لە پەرلەمان، ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی دا.
دوای بڕیارەکە عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی، "لای هەموو لایەک ئاشکرایە لە سۆنگەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان و بە ناچاری درێژکردنەوەی تەمەنی دامەزراوەکانەوە لەکەیەکی گەورە لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان پەیدا بووە و ترسی جیدیش بەهۆی کێشە و قەیرانەکانەوە لەسەر قەوارەکە دروستبووە."
عەلی رەشید گوتیشی، یەکێکی دیکە لە تەوەری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار و گواستنەوەیە سەبارەت بە دەنگدان لەسەر ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی بالیسان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ