رووداو دیجیتاڵ
تەرمی پزیشکێکی ژن بەناوی رۆناهی کە تەمەنی 26 ساڵ بوو، لە رووهای باکووری کوردستان بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە.
ئەو پزیشکە خەڵکی ئامەدە و لە نەخۆشخانەی فێرکاریی رووهای باکووری کوردستان کاری دەکرد. ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 14-1-2024 بێ سەروشوێن بوو، دواتر لە شارۆچکەی جورنێ رەشی پارێزگای رووها تەرمەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە.
تاوەکو ئێستا زانیاریی دروست لەبارەی رووداوەکە نییە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکراوە.
ئاماری کوژرانی ژنان لە باکووری کوردستان و تورکیا:
پلاتفۆرمی تاوانەکانی دژی ژنان دەوەستێنین (KCDP)، مانگانە و ساڵانە راپۆرتی کوژران و گیانلەدەستدانی ژنان لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاودەکاتەوە. بەگوێرەی دوایین راپۆرتی، لە ساڵی 2023ـدا 315 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، 248 ژنی دیکەش شێوازی گیانلەدەستدانیان گومانی لەسەرە و تەمومژاوییە.
زۆرترین کوژرانی ژنان لە گەورەشارەکانی تورکیادا تۆمارکراون بەپێی راپۆرتەکە کە بەمشێوەیەیە: ئیستەنبووڵ 49، ئیزمیر 27، ئەنقەرە 22، ئەدەنە 18، ئەنتالیا 16، مانیسا 13. لە کۆی ئەو 315 ژنەی کوژراون؛ 38ـیان لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان بوون.
زۆرترین کوژرانی ژنان لە باکووری کوردستان لە ساڵی 2023 لە ئامەد بووە، کە لە ساڵی رابردوودا شەش ژن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ