مەسرور بارزانی بۆ حەلبووسی: نابێت خەڵکی ئێمە چیدیکە لە دڵەڕاوکێدا بن

14-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن شاندی کوردستان لە بەغدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە. مەسرور بارزانی بە حەلبووسی گوت، "خەڵکی هەرێمی کوردستان لە سەختیدا دەژین و نابێت خەڵکی ئێمە چیدیکە لە دڵەڕاوکێدا بن." 
 
رۆژی پێنجشەممە 14-09-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی حکومەت لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران "بەوردی" باسی ژمارە و داتاکانی کرد، لەبارەی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی رایگەیاند، "مووچەخۆران لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی تەواویان وەرگرتووە، لەکاتێکدا خەڵکی هەرێمی کوردستان لە سەختیدا دەژین."
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرۆکایەتیی دەکات و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامانی شاندەکەن. 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی گوتووە، "پاڵپشتی ئێوە پێویستە بۆ چارەسەری کێشەکان کە چارەسەرێکی ریشەیی دەوێت و نابێت خەڵکی ئێمە چیدیکە لە دڵەڕاوکێدا بن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە