ئەنجوومەنی باڵای خانمان داوا دەکات لە دابەشكردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەکە جێندەر لەبەرچاو بگیرێت

14-06-2022
نازەنین گۆران
نیشانەکردن یەکەی نیشتەجێبوون
A+ A-

رووداو - هەولێر 

ئەنجوومەنی باڵای خانمان داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە لە فۆرمی ناو تۆمارکردن بۆ 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێچییان، جێندەر لەبەرچاوبگیرێت. ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنەکەش دەڵێت: "وەڵامی لایەنی پەیوەندیدار ئیجابی بووە."
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2022، د. خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان بە رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنەکەیان داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە لە فۆرمی ناوتۆمارکردن بۆ 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون جێندەر لە بەرچاوبگیرێت، گوتیشی: "بەتایبەتیش ئەو خانمانەی کە خانەوادەکانیان بەڕێوەدەبەن، بەبێ مەرجی هاوسەرگیری، چونکە مەرج نییە ئەو کچانە ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێنابێت."
 
بە گوتەی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان، ئەوان لەوبارەوە لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و دەستەی وەبەرهێنانیش گفتوگۆیان کردووە و، "وەڵامی ئەوان بۆ ئەنجوومەنەکەمان ئیجابی بووە و بە رەوایان بینیوە و لە فۆرمەکەش داواکەمان لەبەرچاو دەگیرێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2022، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوتبوو، خەمڵاندنێکیان کردووە بۆ نرخ و قیستی شوقەکان، بەگوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان بێت، نرخی هەر مەترێکی دووجا لەنێوان 250 بۆ 350 دۆلار دەبێت، کە ئەوەش بەگوێرەی خزمەتگوزارییەکان دەگۆڕێت.
 
لەبارەی قیستەکانیشەوە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: "بە گوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان بێت قیستی یەکەکان بە 12 بۆ 15 ساڵ دەدرێتەوە."
 
محەممەد شوکری هەروەها باسی لەوەش کرد، لە رابردوودا 186 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکراون، کە 180 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بوون، لەو پڕۆژانە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت نەیتوانیوە زۆر سوودی لێ ببینن، "دەمانەوێت لەم 20 هەزار یەکەیەدا هەموو ئەوانەی سوودمەند دەبن خەڵکی شایستە بن."
 
رۆژی 31-05-2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و رێکارەکانی جێبەجێکردن و دروستکردنی ئەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەی کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، لە زووترین کاتدا دەست بە رێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە