رووداو دیجیتاڵ
تەلەفۆن لەدوای تەلەفۆن، هەر کەسە و پەلەیەتی گوڵەکانی زووتر وەربگرێت، لە رۆژی ڤالانتاین محەممەدی گوڵفرۆش لە هەموو رۆژەکانی دیکە سەرقاڵترە. ئەو دەڵێت، زۆرترین خواست لەو رۆژەدا لەسەر گوڵی سوورە.
محەممەد عەزیز، گوڵفرۆشێکی هەولێرە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زیاتر گوڵی سوور دەفرۆشرێت. نرخی گوڵەکان لە 40 هەزارەوە دەستپێدەکات. گرانترینیشمان تاوەکو ئێستا هەزار و 200 دۆلار بووە."
زۆربەی گوڵفرۆشەکان لەبەر ڤالانتاین داوای گوڵی تایبەتییان لێدەکرێت، بە چاوخشاندنێکیش بە بازاڕدا دەردەکەوێت بازاڕیان زۆر خۆشترە لە جاران.
رێباز عەبدولڕەحمان، گوڵفرۆشێکی دیکەیە و دەڵێت، "لە ڤالانتاین بازاڕمان زۆر جیاوازی هەیە و ئەگەر تۆ بڵێی سەتا چەند دەتوانم بڵێم 100٪ بازاڕمان جیاوازیی هەیە."
کڕیارەکانی گوڵ لە رۆژی ڤالانتاین بۆ هەر کەس گوڵ بکڕن، هەموو یەک قسەیان هەیە، ئەویش خۆشویستنە.
باخان هیوا، خوێندکارە و دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە هەستێکی خۆشە، جا منداڵ بۆ دایک و باوک یان دایک و باوک بۆ منداڵ یان هەر هاوسەر بۆ خێزانی خۆی بکڕێت. گرنگ ئەوەیە ئەو خۆشەویستییە هەبێت."
خوێندکارێکی دیکەش بەناوی دەرباز عەبدولڕەحمان دەڵێت، دەکرێت هاوڕێ بۆ هاوڕێ گوڵ بکڕێت یان هەر کەسێک بۆ خۆشەویستەکەی، "من پێم وایە خۆشەویستی یەک رۆژ نەبێت، بەڵکو هەوڵدەدەین هەموو رۆژەکانمان خۆشەویستیی تێدابێت."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 30 ملیۆن گوڵی سرووشتی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. تەنیا مانگێکیش بمێنێت بۆ ڤالانتاین هاوردەکردنی گوڵ زیاتر لە 50٪ زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ