خۆشەویستی بە تامی ڤالانتاین؛ هۆزان و بوخاری

14-02-2020
دیدە فەریدوون
هۆزان و بوخاری
هۆزان و بوخاری
A+ A-

رووداو - هەولێر

لەگەڵ گۆڕانی سەردەم، چیرۆکەکانی خۆشەویستی و جۆری پەیوەندییەکان و ئەنجامەکانیشیان گۆڕاون، بەڵام کە دەڵێن خۆشەویستی راستەقینە، واتە گۆڕانی ساڵ و سەردەمەکان کاری لێناکات و هەمیشە وەک خۆی نوێ و پڕ مانا دەمێنێتەوە.
 
هۆزان و بوخاری، دوو خۆشەویستی ئەم سەردەمەن کە خۆشەویستییان هەڵبژارد و خستیانە نێو ماڵێک، هەر بەیەکەوەش لە دەرەوە بە خۆشەویستییەوە کاردەکەن و کافێیەک بەناوی مەم و زین بەڕێوەدەبەن.
 
بوخاری وشیار دەڵێ، هۆزانی خۆشەویستی ساڵێک بەر لە ئێستا دیاریی بۆ هێناوە و "حەزیشی زۆر لە گوڵەبەڕۆژە بوو بۆیە وێنەی گوڵەبەڕۆژەیەکی هەڵواسیوە".
 
لە روژی ڤالانتایندا خۆشەویستان دیاری و گوڵ بە یەکدی دەدەن، چیرۆکە ئەفسانەکەی پشت ئەم رۆژە ئەوەیە گوایە لەم رۆژەدا یادی سەینت ڤالانتاین، قەشەی رۆما دەکەنەوە کە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو لەلایەن ئیمپراتۆری رۆما، دوای ئەوەی ئیمپراتۆری رۆما سەربازە سینگلەکانی (سەڵتەکانی) پێ باشتر و چالاکتر بوو لەوانەی کە هاوژینیان هەیە، بڕیاریدا هیچ سەربازێک هاوسەرگیری نەکات و قەشە ڤالانتاین دژی ئەو بریارە وەستا و ئیمپراتۆریش لەسێدارەیدا.
 
دیاری، جا هەر شتێک بێت، مەرج نییە هەر تەنیا لەنێوان کچ و کوڕێکی عاشقدا بێت، بەڵکو دوو هاوڕێش لەم رۆژەدا دیاری دەدەن بەیەکتر، یان بە هەر کەسێک کە خۆشیان بوێت.
 
گوڵی سوور، هێمای خۆشەویستی، لەنێو دیارییەکاندا لەپێش هەموو شتێکی دیکەوەیە، گوڵ لەنێو بازرگانان بە نەوتی سوور ناسراوە و بۆرسەی تایبەت بە خۆی هەیە و رۆژانە نرخەکەی دیاریدەکرێت، لە هەولێریش لە رۆژی ڤالانتاین داواکاری لەسەر گوڵ زۆرە.
 
مەم و زین، شیرین و فەرهاد، شەهرەزاد و شەهریار، خەجێ و سیامەند، رۆمیۆ و جولێت و زۆر چیرۆکی ئەفسانەیی دیکەش هەیە، کە باس لە خۆشەویستی و عەشق و ئەوینداری دەکەن، پاڵەوانەکانیان یان کۆڵیان نەدا تاوەکو گەیشتوون بە مەعشوقەکانیان، یان لەپێناویاندا سەریان ناوەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە