کۆمیسیۆنی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر: دەکرێت لە داهاتوودا 50 بۆ 70 ماڵ لە قەڵا بژین

13-12-2023
بیلال ئەحمەد
نیشانەکردن قەڵای هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمیسیۆنی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر رایگەیاند، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بەردەوامە و لە مانگی ئاداری داهاتوو، شەقامی سەرەکیی قەڵا تەواو دەبێت. داوا دەکات کە رێگەیان پێبدرێت هەندێ شوێن بە کەرتی تایبەت و وەربەرهێنان بدرێت و بۆ چوونەژوورەوەش پارەیەکی کەم لە سەردانکاران وەربگیرێت. 
 
نیهاد قۆجە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر ئەمڕۆ (چوارشەممە، 13-12-2023) لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "هەرچەند هەندێ جار کاری نۆژەنکردنەوەی قەڵا سست بووە، بەڵام بەردەوامە و ئێستاش کار لە شەقامی سەرەکی و حەمامی گەورەی قەڵا دەکرێت، بڕیاریشە بۆ ساڵی نوێ، سەنتەرێکی پێدانی زانیاری بە قوتابییان کە سەردانی قەڵا دەکەن بۆ روونکردنەوەی مێژوو و شێوازی ژیانی سەر قەڵا، بکرێتەوە."
 
قەڵای هەولێر یەکێکە لە شوێنەوارە هەرە دێرینەکانی کوردستان کە مێژووەکەی بۆ شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لە ساڵی 2014 لەلایەن یونسکۆ خراوەتە لیستی میراتی جیهانییەوە. 
 
لەبارەی گەڕاندنەوەی ژیان بۆ سەر قەڵای هەولێر، نیهاد قۆجە دەڵێت، "بەپێی ماستەرپلانی قەڵا، لە داهاتوودا دەکرێت 50-70 خێزان بگەڕێنەوە قەڵا و لەوێ بژین، بەڵام ئەمە پێویستی بە تەواوبوونی ژێرخانی قەڵایە."
 
ئێستا تەنیا رێگە بە یەک خێزان دراوە لەسەر قەڵا بژین، بۆ ئەوەی وەکو کۆنترین شاری جیهان کە تائێستا ژیان تێیدا بەردەوامە، لە جیهاندا بمێنێتەوە.  
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر ئاشکرایکرد، بیرۆکەیەک هەیە بۆ ئەوەی هەندێ شوێنی قەڵا بدرێنە کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی هاوکاربن لە نۆژەنکردنەوەی قەڵا و بارگرانی سەر حکومەت سووکتر بکەن، گوتی "دوو تاوەکو سێ شوێن بۆ هۆتێل هەن، شوێن بۆ رێستۆرانت و قاوەخانە هەیە، بیرۆکە هەیە بۆ تەرخانکردنی هەندێ خانوو بۆ ئەو کەسانەی بیرۆکەی جیاوازیان هەیە بۆ نموونە دروستکردنی خواردن و کاری دەستی، پێمانوایە دەبێت رێگەبدرێت سوود لەو گەشتیارە بیانی و نێوخۆییەکان وەربگیرێت، کە دێنە سەر قەڵا بۆ نموونە بۆ چوونەژوورەوە هەرچەند بڕێکی کەمیش بێت، بەڵام پارەیان لێ وەربگیرێت." 
 
نیهاد قۆجە رەخنە لەوەش دەگرێت کە کۆمیسیۆنەکەیان نەکراوەتە کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆ و ئاشکرایکرد، پڕۆژەیاسایەکیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پێشکێشی پەرلەمانی بکەن و دەڵێت، "کێشەکانمان زیاتر یاسایین و لە هەوڵێکی تازەدا هەڵە کراوە و کۆمیسیۆن کراوەتە بەشێکی زۆر بچووک لە پارێزگای هەولێر، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکاریمان نەکەن، کە دەبینە بەشێک لە حکومەت و ئەمەش زیانی بۆ کاری ئێمە دەبێت."
 
بەپێی قسەی نیهاد قۆجە سێ، کەس و لایەنی سەرەکی هاوکاری ئەوان دەکەن بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر، ئەوانیش ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و شێخ باز بەرزنجی، بازرگانی هەولێرن گوتی، "شێخ باز تاوەکو ئێستا سێ ملیۆن دۆلاری پێشکێش کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر."

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.