شەقامی شێخ سەعیدی پیران لە ئامەد سیاسەتڤانانی تورکیا دەکاتە دووبەرەوە

13-12-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەقامێکی سەرەکی لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان بە ناوی شێخ سەعیدی پیران کراوە و ناونانی بەو جۆرە ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیادا بووەتە رۆژەڤ و جێگەی مشتومڕی سیاسەتڤان، کەسانی ئەکادیمی و بەشێکی خەڵکی ئاسایی. 
 
رۆژی 6-12-2023 گەورەشارەوانیی ئامەد کە ئێستا بەشێوەی قەییوم بەڕێوەدەبردرێت، لە هەژماری فەرمیی خۆیدا بڵاویکردەوە، دەست بە کارەکانی پڕۆژەی رێگەی سەرەکیی شێخ سەعیدی پیران دەکەن کە درێژییەکەی 12 کیلۆمەتر و 5 کیلۆمەتریش پانییەتی و تەواوبوونی گوشاری زۆری سەر ئامەد کەم دەکاتەوە. 
 
بەشێک لە نەژادپەرستانی تورکیا بەهۆی ئەو ناونانەی شارەوانیی قەییوم، دەستیان بە بەکارهێنانی زمانێکی تووند بەرامبەر شێخ سەعید کردووە. هاونیشتمانییانیش وەڵامیان دەدەنەوە. بەهۆی ئەوەی رێگە سەرەکییەکە درێژکراوەی گۆڕەپانی شێخ سەعیدە کە ئەو کاتەی عوسمان بایدەمیر سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد بوو ناوی نا، رێگەکەش بە هەمان ناوەوەیە.
 
سەرۆکی جەهەپە: پێویستە رێز لە هەستی نەوەکانی شێخ سەعید بگیرێت
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری – جەهەپە لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی شێخ سەعید و خەباتی ئەو کەسایەتییە بەناوبانگەی کورد دایەوە. ئۆزگور ئۆزەل گوتی، مێژوو زیاتر بواری شارەزایانی مێژووە نەوەک سیاسەتڤانان؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو جۆرە مشتومڕەی ئێستا لەبارەی شێخ شەعید و ئەو رێگەیە هەیە لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە.
 
لەبارەی بۆچوونی لەسەر بابەتەکە، سەرۆکی جەهەپە گوتی، "دەزانم یاخیبوونی شێخ سەعید دژی کۆماری تورکیا بووە، بەڵام ئەگەر ئەو ناخۆشییانەی لەکاتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو سەرهەڵدانە دروستبوون، ئەمڕۆ بەشێک لە نەوەکانیان دڵتەنگ بکات، دەبێت رێز لەو دڵتەنگییە بگیرێت." 

 

 
پەرلەمانتارێکی ئیی پارتی پێچەوانەی پارتەکەی بەرگری لە شێخ سەعید دەکات
 
ئیی پارتی کە لە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی – مەهەپە جیابووەتەوە، یەکەمین پارت بوو کە لەم بابەتەدا ناڕەزایی نیشاندا، بەڵام سالم ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئیی پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ، پێچەوانەی پارتەکەی روونکردنەوەی دا و بەرگری لە شێخ سەعید کرد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا ئەو تۆمەتانەی رەتکردنەوە کە دەدرێنە پاڵ شێخ سەعیدی پیران.
 
ئەنساریئۆغڵو رەخنەی تووندی ئاراستەی دەسەڵاتیش کرد لە بابەتی ئەوەی کە تائێستا گۆڕی شێخ سەعید دیار نییە. 
 
ئەنساریئۆغڵو ئێوارەی سێشەممە 12-12-2023 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و گوتی، هیچ کات نەژادپەرستی و جوداخوازی نەکردووە. 
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، کەسانی وەک شێخ سەعید "لە دۆخێکی نائاساییدا بەگوێرەی هەلومەرجی ئەو کات لەسێدارەدراون. هیچ شتێک لەسەر ئەوە ناڵێم، بەڵام ئەوەی دواتر تەرم رادەستی ماڵبات نەکراوەتەوە، ئەمە لەگەڵ بۆچوونی من ناگونجێت." هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، "نیشتمانم و ئاڵاکەمم خۆش دەوێت. ئێرە چەندە وڵاتی تورکەکان بێت ئەوەندەش وڵاتی کوردەکانە. ئەو کەسەی ئەمە بە هەڵە دەزانێت، کوردبێت یان تورک، هەڵە دەکات."

 

 
ئیی پارتی پەرلەمانتارەکەی دەداتە لیژنەی دیسپلین
 
دوای کاردانەوەکان، ئیی پارتی بڕیاریدا ئەو پەرلەمانتارەی بداتە لیژنەی دیسپلین و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکات.
 
کورشات زۆرڵو، گوتەبێژی ئیی پارتی روونکردنەوەکانی ئەنساریئۆغڵوی بە قەبووڵنەکراو ناوبرد و جەختیکردەوە کە ئەو گوتانەی پەرلەمانتارەکەیان لەگەڵ بەهای ئیی پارتی و ئامانجی دامەزراندنی ناگونجێن. زۆرڵو هەروەها گوتی، "ئەو روونکردنەوانەی بەڕێز ئەنساریئۆغڵو رەتدەکەینەوە کە لەگەڵ رووحی بەرەنگاربوونەوەی نیشتمانی ناگونجێت و ناکۆکە لەگەڵ ئەو راستییە مێژوویی و نیشتمانییانەی لەڕێی ئیرادەی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە دروستبوون. تێگەیشتنێکی وەها هەرگیز پەیوەندی بە پارتەکەمانەوە نییە و لەمەودواش نایبێت. بەهۆی ئەو روونکردنەوانە، قۆناخی دیسپلین لە پارتەکەماندا دەستیپێکردووە."
 
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان تاوەکو ئێستا ئاکپارتی کە شارەوانیی ئامەد لەڕێی قەییومەوە بەڕێوەدەبات، بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەبارەی ناوی رێگەی سەرەکیی شێخ سەعید نەداوە.
 
شێخ سەعیدی پیران
 
ساڵی 1865 لە ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە. شێخ سەعید 13-2-1925 شۆڕشێکی لە دژی حكومەتی كۆماریی توركیا دەستپێکرد. ماوەیەک گەمارۆی ئامەدی دا و لەگەڵ دەوڵەت لە پێکداداندا بوو. سەرەنجام لە نیسانی هەمان ساڵدا شێخ سەعید، شێخ عەبدوڵڵا، عەلی غالب، رەشید ئاغا و 26 شۆڕشگێڕی دیکە لەسەر پردی چەمی مۆراچ لە ناوچەی گەنج بەدیلگیران. شێخ سەعید و 47 هاوڕێی هەر لە ئامەد لەسێدارەدران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".