رووداو دیجیتاڵ
شەڕە تەقە لەنێوان ئەندامانی دوو بنەماڵەی دوژمندار لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان روویدا و لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون.
رووداوەکە لەنێوان ئەندامانی هەردوو بنەماڵەی یاغموور و کووتوس لە گەڕەکی مورشیدپنار لە شارۆچکەی سووروچ لە پارێزگای رووها روویدا.
چەند ئەندامێکی هەردوو بنەماڵەکە بە چەک رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و چەند خولەکێک شەڕە تەقە لەنێوانیاندا دروستبوو. کەسێک بەناوی ئیسماعیل تەمەن 27 ساڵ لە بنەماڵەی یاغموور لە شەڕەکە کوژرا و پێنج کەسی دیکە لە هەردوو بنەماڵەکە بریندار بوون.
دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان بۆ شوێنی رووداوەکە، دۆخەکە کۆنترۆڵکرا و 11 کەس چەکیان لێ وەرگیرا و رادەستی هێزەکانی جەندرمە کران؛ بریندارەکانیش بۆ نەخۆشخانەی گشتیی شارۆچکەی سوروچ گوێزرانەوە و یەکێکیان دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
تیمەکانی پۆلیس و جەندرمە بە دوای دەستگیرکردنی ئەو کەسانەوەن کە دوای رووبەڕووبوونەوەکە هەڵاتوون.
بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای ئووموتی سەر بە دەوڵەت، لە باکووری کوردستان و تورکیا 36 ملیۆن چەک هەن و تەنیا 4 ملیۆنیان مۆڵەتیان بۆ وەرگیراوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە باکووری کوردستان و تورکیادا رۆژانە 10 کەس دەکوژرێن و 20ـی دیکەش بریندار دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ