وەستا حەسەن: لایەنێكی ئیسلامی نێو ئۆپۆزیسیۆن هانی گەنجانی داوە بچنە سووریا

13-11-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن وەستا حەسەن ئاسایش جیهاد لە سووریا
A+ A-
رووداو - سلێمانی

بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئاشكرایكرد، كە ئەو گەنجانەی لە هەرێمی كوردستانەوە رۆیشتوونەتە سووریا بۆ شەڕ "لەڕێی لایەنێكی ئیسلامی نێو ئۆپۆزیسیۆنەوە هاندراون". سەبارەت بە "بی ئێمە رەشەكە"ش ئاماژە بەوە دەكات كە هیچ ئۆتۆمبێلێك لە دەستیان دەناچێ.

عەمید حەسەن نوری، ناسراو بە (وەستا حەسەن)، بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لەمیانی هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ماڵپەری مەڵبەندی یەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‌و لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی كێ هانی ئەو ژمارە گەنجەی شاری سلێمانی داوە، كە رۆیشتوونەتە سو‌وریا بەمەبەستی "جیهاد"، گوتی: "هەندێك لایەنی ئیسلامی كار لەسەر گەنجەكانمان دەكەن، تەنانەت بەشێك لەو گەنجانە دەنگیان داوە بە لایەنە ئیسلامییەكان و كاریان بۆ كردوون، ئەمەش بە دانپێدانانی خودی خۆیان".

عەمید حەسەن نەیویستووە بە بەدیاریكراوی ناوی ئەو لایەنە ئیسلامییانە ببات، تەنیا گوتوویەتی "لەنێو لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكاندان".

لەبارەی ژمارەی ئەو گەنجانە، وەستا حەسەن گوتی "بە بڕیاری دادوەر نزیكەی 12 كەس لەو گەنجانەمان دەستگیركرد‌ووە، كە بۆ كاری تیرۆریستی چوونەتە سو‌وریا و لێرەوە هاندراون و براون".

وەستا حەسەن دەربارەی یەكگرتنەوەی ئاسایشی سلێمانی و هەولێریش رایگەیاندووە "تاڕادەیەك هەماهەنگی لەنێوان ئاسایشی هەولێر و سلێمانی هەیە، بەڵام بەتەواوەتی یەكمان نەگرتووەتەوە".

سەبارەت بە BMWوە رەشەكە، كە لەچەند رووداوێكدا دو‌وبارەبووەتەوە‌و جۆرێك لە گومان و ترسی لای خەڵك دروستكردووە، عەمید حەسەن نوری دەڵێ "تاوان بەجۆری دیكەی ئۆتۆمبێل كراوە، هەندێك كەس رەنگە وا بیربكاتەوە ئۆتۆمبێلی جۆری BMW خێراترە، بەڵام ناهێڵین هیچ ئۆتۆمبێلێك لەدەستمان دەرچێت، درەنگ و زوو كەوتووە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە