رووداو دیجیتاڵ
15 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە یاداشتێک داوا دەکەن بەڕێوەبەری دەروازەی باشماخ و پەروێزخان و بەڕێوەبەری گشتیی بانکی هەرێمی کوردستان بانگهێشت بکرێن، بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باسی داهاتی دەروازەکان بکەن و بزانن هۆکاری نەبوونی پارە لە بانکەکاندا چییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ی ئاداری 2022، کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە گوێرەی بەدواداچوونێک، داهاتی مانگی شوباتی "دەروازەی سنووریی پەروێزخان نزیکەی 25 ملیار دینار، باشماخ نزیکەی 15 ملیار دینار، کارەبای سلێمانی نزیکەی 25 ملیار دینار و کارەبای گەرمیان نزیکەی یەک ملیار دینار بووە."
لەبارەی داهاتی دەروازەکان و نەبوونی پارە لە بانکەکان گوتی، "15 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی یاداشتێکیان واژۆ کردووە، بۆ ئەوەی لەبارەی نەبوونی پارە لە بانکەکان و داهاتی دەروازەکان گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن، چونکە بە گوتەی ئەو، داهاتەکە زۆر لەوە زیاترە و دەبێت روونکردنەوە بدەن".
تەنیا رۆژی پێنجشەممە رابردوو، لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە ملیارێک و 300 ملیۆن دینار خراوەتە سەر بانکی گەرمیان بۆ مووچەی کارمەندانی تەندروستی، لەو بارەوە کەریم عەلی گوتی، "دەبێ روونکردنەوە بدرێت، داهاتی یەک رۆژی ئەو دەروازەیە بەو شێوەیە بووە کەواتە بۆچی دەڵێن داهات نییە."
ماوەی سێ مانگ دەبێت، نەبوونی پارە لە بانکەکان گرفتی بۆ مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت پارێزگای سلێمانی دروستکردووە، بەشێک لە بەرپرسانیش بەشێک لە هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ کەمبوونەوەی داهاتی دەروازەکان.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کەمبوونەوەی داهاتی دەروازەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، سێ هۆکاری سەرەکیی بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی داهات، ئەگینا داهاتی دەروازەکان "زۆر لەوە زیاترە" کە دەخرێتە ڕوو.
لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتەکە دەڵێت، "لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خۆیان ئاگادارین و بە ناڕاستەوخۆ پشتگیرییان دەکەن، هەروەها لە دەروازەکان قاچاخچێتی بە شێوەیەکی ئاشکرا دەکرێت، کۆمەڵی کۆمپانیای ناپێویست و مشەخۆریش لە دەروازەکان هەیە کە هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی دەروازەکانن."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، تەنیا لە "دەروازەی باشماخ 12 کۆمپانیای جۆراوجۆر هەن کە بە ناوی دڵنیایی و پاککردنەوە و چەندین هۆکاری دیکە پارە وەردەگرن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ