بەربژێرێکی ئاکپارتی بۆ هاونیشتمانییانی ئامەد: منداڵەکانتان بۆ وانەی کوردی ناونووس بکەن

13-02-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ رۆژنامەڤاناندا، خاڵیس بیلدەن، بەربژێری ئاکپارتی بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد رایگەیاند، "زمانی کوردی هیچ کێشەیەکی نییە و من قسەی پێدەکەم"، هانی هاونیشتمانیانیشی دا ناوی منداڵەکانیان لە وانەی بژاردەی زمانی کوردی تۆماربکەن.
 
کۆبوونەوەکە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13-2-2024 لە ئامەد بەڕێوەچوو. دوای ئەوەی باس لە پلان و پرۆژەی ئاکپارتی بۆ ئامەد کرا، رۆژنامەڤانان پرسیاریان لە خاڵیس بیلدەن کرد.
 
بیلدەن لەبارەی وانەی بژاردەی زمانی کوردی گوتی، "وانەی بژاردەی زمانی کوردی زۆر گرنگە و پەیوەندیدارە بە مافە کولتوورییەکان. گەورەترین هەنگاوەکان لەم بابەتەدا لە سەردەمی ئاکپارتی نران و لەلایەن سەرۆککۆمارمانەوە بوون. جاران پەخشی میدیایی بە کوردی رێگەپێدراو نەبوو؛ کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی رێگەپێدراو نەبوو، بەڵام ئەوەتا من ئێستا بە زمانی کوردی قسە دەکەم؛ هەروەها لە زۆر دیمانەی کەناڵەکانی تەلەڤزیۆندا بە زمانی کوردی قسە دەکەم".
 
لەبارەی ئەو ئاستەنگانەی بەردەم وانەی بژاردە کە باسیان لێوە دەکرێت، بەربژێرەکەی ئاکپارتی گوتی، "بە بۆچوونی من، لە ناوچەکەدا شتێک بە ناوی کێشەی زمانی کوردی نییە. حکومەتمان لە وانەی بژاردەی زمانی کوردیدا پرۆگرامی کورمانجی و زازاکی داناوە. بانگەواز لە تەواوی هاوشارییەکانم دەکەم کە منداڵەکانیان بۆ ئەو وانەیە ناونووس بکەن. ئەمە کارێکی کولتووری و دروستە. لە ماوەی سەرۆکایەتیماندا هەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانمان، ئەنجامی دەدەین".
 
وانەی بژاردەی زمانی کوردی لە چوارچێوەی وانەکانی زمان و شێوەزارە زیندووەکان لە پۆلەکانی پێنج، شەش، حەوت و هەشتی ناوەندی دەخوێندرێت. 
 
لە رۆژی 30ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە ناونووسین بۆ وانەی بژاردە دەستیپێکرد کە تێیدا زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزاری کورمانجی و زازاکی دەخوێندرێت. 
 
بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە قوتابخانەیەکدا ئەگەر 10 قوتابی داوای وانەی بژاردەی زمانی کوردی بکەن، مامۆستایان بۆ تەرخان دەکرێت.
 
ساڵانی پێشووش یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم خوێندنی وانەی کوردی، ئەو ژمارەیە بوو کە لە زۆر قوتابخانەدا بەهۆی ئەوەی کەمتر لە 10 قوتابی داوایان کردبوو، نەخوێندرا.
 
هەروەها کەمیی ژمارەی مامۆستایانی زمانی کوردیش یەکێکی دیکەیە لە ئاستەنگەکان. لە زانکۆکانی وان، مێردین، مووش، چەولیگ و دێرسیم، زمانی کوردی دەخوێندرێت. تائێستا زیاتر لە دوو هەزار خوێندکار بەشی کوردییان تەواوکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".