رووداو دیجیتاڵ
هەموو ساڵێک 14-2، بە رۆژی خۆشەویستی و گۆڕینەوەی گوڵ لەنێوان عاشقەکاندا دەناسرێت، بۆ ئەم ساڵ، بەگوتەی بازرگانێک بازاڕی گوڵ 60% دابەزیوە.
محەممەد تەلعەت، بازرگانێکی گۆڵی سرووشتییە لە هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گووت، چەندین ساڵە بازاڕی گوڵ وەکو ئەم ساڵ "خراپ" نەبووە، هەروەها باسی لەوەکرد، فرۆشتنی گوڵی سرووشتی بە رێژەی 60% دابەزیوە.
ئەو بازرگانە، هۆکارەکەی بۆ نەبوونی مووچە و دابەزینی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار گەڕاندەوە، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی قەیران و جەنگەکانەوە نرخی گوڵ لەسەر ئاستی جیهان کەمێک گران بووە.
باسی لەوە کرد، چوارشەممەی رابردوو 100 تۆن گوڵ بە فڕۆکە گەیێندراوەتە هەولێر، بەڵام تەنیا پێنج تۆنی دابەشی گوڵفرۆشییەکانی شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، بەشەکەی دیکەی بۆ پارێزگەکانی خوارووی عێراق نێردراوە.
بەگوتەی ئەو بازرگانە بێت، پار ئەم کاتانە، 25 تۆن گوڵیان فرۆشتووە.
محەممەد فەتاح، هاونیشتمانییەکە لە هەولێر و دەڵێت، یەکەمجارە لە ڤالانتایندا روودەکاتە دووکانێکی گوڵفرۆشی تاوەکو چەپکەگوڵێک بۆ خۆشەویستەکەی بکڕێت. ئەو بە رووداوی گوت، "توانام نییە گوڵی جۆراوجۆر بکڕم چونکە بازاڕ کزە و داهاتمان کەمە".
زەهرا سامی، خاوەن دووکانێکی گۆڵفرۆشیە و نیگەرانە لە بازاڕی ئەم ساڵ، بەگوتەی خۆی، لە ماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە 400 گوڵی وشک بوون بەهۆی بێ بازاڕییەوە. زەهرا بە رووداوی گوت، "ئەم ساڵ خەڵک کەمتر روویان لە ئێمە و شوێنەکانی دیکەی تایبەت بە گوڵ کردووە، بە گشتی خواست لە سەر گوڵ کەم بووەتەوە و نەبوونی مووچەش هۆکارێکە".
ئەو گوڵفرۆشە ئەوەشی گوت کە، ساڵانی رابردوو هاونیشتمانیان لەنێو بۆکسی گوڵەکانیاندا ملوانکە و پارچەی زێڕیان دادەنا، ئێستا ئەو حاڵەتە یان نەماوە یان زۆر بە دەگمەن دەبینرێت، ئێستا جار جار تاک دۆلاری دەخەنە نێو گوڵەکانیانەوە.
ئەگەرچی ئاماری فەرمی لە بەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی هەندێ زانیاری، لە هەرێمی کوردستان 10 سەرمایەدار لە رێگەی سێ کۆمپانیاوە گوڵ هاوردە دەکەن.
لە هەرێمی کوردستاندا سەروو 200 شوێنی گوڵفرۆشی هەن. بەپێی ئاماری 2022ـی وەزارەتی کشتوکاڵیش، ساڵانە زیاتر لە 30 ملیۆن گوڵی سرووشتی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون کە بەشی زۆریان لە وڵاتی کینیاوە دەهێندرێن، بەدوای ئەوێدا، هەریەک لە ئەسیوپیا، ئیکوادۆر، تورکیا، هۆڵەندا و ئێران دێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ