رووداو - سلێمانی
ئەمساڵ وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمی کوردستان دەیەوێت خێوەتە و هەشت بەنداوى دیکە بە هاوبەشى لەگەڵ کەرتى تایبەت دروستبکات. یەکێک لەو بەنداوانەش بەنداوی خێوەتەیە لە سنووری شارباژێڕ کە زیاتر لە 10 ساڵە حکومەت دەیەوێت دروستی بکات.
دروستکردنى بەنداوەکە ئەگەرچى چەندین گوند و زەوىی کشتوکاڵى دادەپۆشێت، بەڵام چەندجارێک خەمڵاندن بۆ قەبووکردنەوەى کراوە و خەڵکەکەش دەڵێن، پارەیان پێبدەن ماڵ و موڵکیان دەگوازنەوە.
سەروەر سوورەقەڵاتى، دانیشتووى گوندى سوورەقەڵات لە شارباژێڕ دەڵێت، "ساڵى 2011 بوو حکومەت لیژنەیەکى نارد، دوو سێ مانگ خەریک بوون بەڵام دواتر دەنگیان نەما، ئەگەر ئەو بەنداوە دروستبکەن خەڵک رزگاری دەبێت و ئامادەشین بە قەرەبوو کردنەوە گوندەکان چۆڵ بکەین".
پلانەکەى حکومەت بۆ دروستکردنى 9 بەنداو لەگەڵ کەرتى تایبەت بۆ گلدانەوەى 7 تاوەکو 8 ملیار مەتر سێجایە، ئەوە لە چوارچێوەى دروستکردنى 250 بەنداو و کۆگاى ئاویدایە کە تاوەکو ئێستا 19 دانەی دیکەیان تەواوبوون یان نزیکن لە تەواوبوون.
سدیق تەگەرانى، دانیشتووى گوندى تەگەران لە شارباژێڕ ئاماژە بەوە دەکات، "شارباژێر خاوەنى سەدان ناوچە و چەم و کانى و ئاوە کە بە بێسوود دەڕژێتە خوارەوە و تەنیا لە شارەکانى عێراق سوودى لێدەبینن، داواکارین حکومەت بەنداوى خێوەتە تەواو بکات و بۆ کارەبا، ئاودێری و گەشتوگوزار سوودى دەبێت".
زۆربەى ساڵ، ئێران بە گلدانەوەى ئاوەکانى خۆى مەترسیی لەنێوچوونى هەزاران دۆنم زەوى و سامانى ئاژەڵ و ماسى دروستدەکات، دۆخێک کە ساڵانە پێویستى بە ناردنى شاند و داواکارییە بۆ بەردانەوەى؛ جیا لەوەش ئەو وڵاتە سەرقاڵى دروستکردنى چەند بەنداوێکە کە بە تەواوبوونى کاریگەریى لەسەر بڕى ئاوى دەربەندیخان و دووکان دروستدەکات.
کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەرى بەنداوى دووکان رایدەگەیێنێت، "دووکان لە دوو دیوەوە ئاوى بۆ دێت، دیوى باشوور کە ناوچەى شارباژێڕ زۆرینەیەتی و دیوى رۆژهەڵاتى کوردستان، کە بەپێى زانیارییەکان ئێران سەرقاڵى بەنداوێکە لە نزیک شارى سنە هەرچەند بچووکە، بەڵام کاریگەریشى دەبێت".
گوتەبێژى کشتوکاڵى هەرێمی کوردستان بە رووداوى راگەیاند، دروستکردنی نۆ بەنداوەکە لە قۆناخی تەندەر و هەڵسەنگاندنی دوایین تێچوونیاندایە و ماوەی دەستپێکردن و تەواوبوونیان بە کراوەیی دانراوە، چونکە بەنداو پرۆژەی ستراتیژییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ