خالید شوانی: نوێنەرانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە

13-01-2024
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن گەڕەکی نەورۆز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دادی عێراق دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی چەندین جار رێنمایی داوەتە سوپای عێراق کە لە گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک بکشێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سبەی نوێنەرانی گەڕەکەکە ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەبینن.
 
رۆژی شەممە 13-01-2024، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی کێشەی دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک کە لەلایەن سوپای عێراقەوە بۆ چۆڵکردنی خانووەکانیان گوشاریان خراوەتەسەر، رایگەیاند، لە سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی عێراق لە گفتوگۆدا بووە و ئاگاداری رووداوەکانن.
 
خالید شوانی گوتی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق چەندین جار رێنماییان داوەتە سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی هێزەکانیان لە گەڕەکی نەورۆز بکشێننەوە.
 
هێزێکی سوپای عێراق رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2023 هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکووک و داوای چۆڵکردنی 122 خانووی کرد، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس بە زێدەڕۆ دروستکرابوون و ناوی ئەو خێزانانەیان تۆمار کرد کە لە خانووەکاندان و داوایان لێکردن بە زووترین کات چۆڵیان بکەن.
 
ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگەی کەرکووک یاسایەکی دەرکردبوو کە رێگەی بە هاووڵاتییان دەدا لەنێو خانووە زێدەڕۆکان و ئەو 122 خانووەدا بمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی حکومەت قەرەبوویان دەکاتەوە، بەڵام ئەو رۆژە سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر گەڕەکەکە و هەر خێزانێک لە ماڵەوە نەبوو، دەستی بەسەر خانووەکەیدا گرت، ئەوەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە و هەندێک لە وەزیرانی کورد و پەرلەمانتارانی لە ئاستی باڵا هێنایە سەر هێڵ.
 
دواجار سوپای عێراق لەژێر گوشار کشایەوە، بەڵام حەوت خانووی گەڕەکی نەورۆز کە سوپا دەستی بەسەرداگرتبوون رادەستی پۆلیس کران. وەزیری دادی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ''مەسەلەی دەرکردنی دانیشتووانی گەڕەکەکە لە رووی یاسایی و کارگێڕییەوە کۆتاییهاتووە و، ئێستا زەوی و خانووەکان بە ناوی وەزارەتی دارایی عێراقەوەن."
 
 
خالید شوانی گوتیشی، هەنگاوەکان بەو ئاراستەیەن؛ کێشەکە لە رێگەی یاساییەوە چارەسەر بکرێت و گوتی، ''بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەمان کردووە و بڕیارە سبەی نوێنەرانی گەڕەکی نەورۆز، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و لیژنەی پەیوەندیدار بە چارەسەرکردنی کێشەی زێدەڕۆیی، ببینن."
 
رۆژی یەکشەممە 07-01-2024، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندبوو، بۆ رێگریکردن لە پێشێلکارییەکانی سوپا لە کەرکووک سەردانی بەغدا دەکەن؛ گوتیشی، ''هیچ گەڕەکێکی کوردی لە شارەکە چۆڵ ناکرێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو.

دوای پێنج کاژێر لە دەستگیرکردنیان تیمەکەی رووداو لە مەخموور ئازادکران

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی رووماڵ دا و لە بازگەی مەخموور، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکران.