رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر سەبارەت بە لێدوانێکی تایبەت بە تانکیی پێنج مەتریی ئاو زانیاریی نوێ ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "پرۆژەی تانکیی پێنج مەتری چارەسەری کێشەی کەمئاوی دەکات و ناهێڵێت لەکاتی شکانی بۆریی ئاوی ئیفراز یان کێشەی دیکە خەڵک لە ماوەیەکی کەمدا بێ ئاو ببن."
رۆژی سێشەممە 12-07-2022، ئەندازیار عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، لەبارەی پرۆژەیەکیان تایبەت بە کێشەی کەمئاوی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رۆژی 14-11-2021ەوە پرۆژەیەکمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین."
بە گوتەی عەلی رەشید، پرۆژەکە لە دوو پلانی سەرەکی پێکدێت، یەکێکیان پلانی ستراتیژییە و بۆ 10 ساڵە، پرۆژەیەکی تەواوکاریی گشتگیرە، دووەمیشیان کاتییە و پێشنیازیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە لەڕێگەی شارەوانییەکانەوە بیکاتە مەرج، کە خەڵک لەجیاتی ئەوەی لە سەربانەکانیان تانکیی ئاو دابنێن دوو مەتر یان سێ مەتر سێجا ئاو بگرێت، ئەو تانکییانە دابنرێت، کە 5 مەتر سێجا ئاو دەگرێت و بەوەش خۆمان رزگار دەکەین لە کێشەی کەمئاوی یان ئەو کێشانەی جاروبار لە شکانی ئاوی ئیفراز بۆ ئاو لە هەولێر دروستدەبێت."
زۆربەی ئاوی هەولێر لەڕێگەی پرۆژەی ئیفرازەوە دابین دەکرێت، کە ئاوی زێی گەورە دەپاڵێورێت و لەڕێگەی سێ بۆرییەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەنتەری شاری هەولێر، بەڵام بۆریی ئیفراز سێ زوو زوو دەشکێت؛ تەنیا لەم مانگەدا بۆرییەکە دوو جار شکاوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، "لەبەر ئەوەی زۆر جار لە ماوەیەکی کەمدا لە کاتی کێشەیەک یان رووداوێک، بەشێکی زۆری ماڵان ئاویان نامێنێت، بۆیە ئەو جۆرە تانکییە لە کاتی وەهادا چارەسەری کێشەی نەهاتنی ئاو دەکات."
هەولێر سێ پرۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە: ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.
بۆریی ئاوی ئیفراز سێ کەوتووەتە باکووری شاری هەولێر و نزیکەی 40%ی ئاوی شاری هەولێر کە بریتین لە گەڕەکەکانی باکوور و رۆژئاوای شارەکە دابین دەکات، گەڕەکەکانی زانکۆ، باداوە، فەرمانبەران، ئیسکان و چەند گەڕەکێکی دیکە لەگەڵ شکانی ئەو بۆرییەدا رووبەڕووی کێشەی نەبوونی ئاو دەبنەوە.
پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ 15 ساڵە دروستکراوە و رۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن لیتر ئاو دابین دەکات. هەر جارێک بۆریی ئاوی ئیفراز سێ بشکێت، لە هەر کاژێرێکدا نزیکەی 10 هەزار مەتر سێجا ئاو بەفیڕۆ دەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ