رووداو دیجیتاڵ
کوردێکی خەڵکی هەولێر و دانیشتووی وڵاتی سوێد زیاتر لە 51 کاژێر بەبێ وەستان یاریی پەبجی PUBG کردووە و دەڵێت، ریکۆردی جیهانی شکاندووە و ئێستا وەک کورد ئەو ریکۆردە لای خۆیانە.
سەنگەر نەشئەد ماوەی ساڵێکە یاری پەبجی دەکات و دەڵێت، ئەو یارییە لەگەڵ خوێنیدا تێکەڵ بووە، شکاندنی ئەو ریکۆردەش وەک سەرکەوتنێک "بۆ کورد" دەبینێت.
ئەو کوڕە کوردە لە هەولێر لە دایکبووە و ماوەی 14 ساڵە لە وڵاتی سوێد دەژیت و ژیانی هاوژینی لەگەڵ کچێکی سوێدی پێکهێناوە و دوو منداڵیان هەن. ئەو کاتەی یاریەکەی دەستپێکردووە لەگەڵ هاوژینەکەی بووە و دەشڵێت: هاوژینەکەم زۆر هاوکارم بووە و بەردەوام خواردن و خواردنەوەی پێداوە.
لە یەکێک لە ڤیدیۆکان کە بۆ رووداو ناردوویەتی دەردەکەوێت کە سەنگەر لەیەککاتدا نان دەخوات و یاری پەبجیش دەکات. دەڵێت "دڵتان گەورە بێت و ئاوا خزمەت بکەن، ئەگەر شتێکتان کرد بە جیدی بیکەن".
سەنگەر لە کاژێر 12:03 خولەکی نیوەڕۆی رۆژی 09-07-2020 دەستی بەیارییەکەی کردووە و کاژێر 03:27ی دوای نیوەڕۆی رۆژی 11-07-2020 کۆتایی بە یارییەکە هێناوە. بەگوتەی خۆی، لە ماوەی ئەو 51 کاژێرە چەند جارێکی کەم نانی خواردووە و کەم کەمەش چووەتە سەر ئاو.
بەگوتەی سەنگەر " پێشتر کەسێکی دیکەی بە رەگەز عەرەب 21 کاژێر و بە بەردەوامی ئەو یارییەی کردووە، بەڵام ئێستا ئەو بە بەردەوامبوونی بۆ ماوەی 51 کاژێر و 26 خولەک ریکۆردی شکاندووە و پێشتر هیچ کەسێکی دیکە نەبووە بە بەردەوامی ئەو یارییە بکات و نەوەستێت".
فەیسبووک رێگە بە هیچ بەکارهێنەرێکی نادات بۆ ماوەی 12 کاژێر بە بەردەوامی یاریی بکات، سەنگەر دەڵێت "یاریەکەمان بە پێنج قۆناخی یەک لەدوای یەک ئەنجامداوە و دوای کۆتاییهاتنی کاتی یەکەم یەکسەر دەستی پێکردووەتەوە و بەمشێوە بەردەوام بووە تاوەکو پێنج جار یارییەکەی دووبارە دەستپێکردووەتەوە".
سەنگەر یارییەکەی لەڕێگەی پەیجی کورد سکواد ئەنجامداوە، ئەو پەیجە پێنج ئەدمینی سەرەکی هەیە بەگوتەی ئەحمەد عەزیز، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئەو گرووپە دەڵێت" ئەمە ریکۆردێکی جیهانییە و پێشتر ریکۆردی لەمشێوەیە نەبووە، لە ماوەی ئەو 51 کاژێرەش دوو ملیۆن و 133 هەزار و 434 بینەری هەبووە".
کورد سکواد پەیجێکە تایبەتە بە یاری پەبجی و لە مانگی 2ی ساڵی 2018 دامەزراوە و بەگوتەی ئەحمەد عەزیز، زیاتر لە 40 هەزار کەس لەنێو کورد سکواددا ئەندامن.
یاری پەبجی لە ساڵی 2017ـەوە هەیە و لە ساڵی 2018 كەوتە سەر مۆبایل، 555 ملیۆن كەس ئەو یارییە دەكەن و مانگانە 227 ملیۆن كەس یاریی پەبجی دەكەن، رۆژانەش 50 ملیۆن كەس ئەو یارییە لەسەر كۆمپیوتەر و ئێكیس بۆكس دەكەن. لە مانگی 1ی 2018 لە یەککاتدا سێ ملیۆن و 200 هەزار کەس ئەم یارییەیان کردووە.
لە مانگی 3ی 2019 کۆمپانیای پەبجی لە هیندستان ماوەی بەکارهێنانی ئەو یارییەی بۆ ماوەی شەش کاژێر سنووردار کرد و ئەمەش دوای تۆمارکردنی سکاڵایەکی زۆر و قەدەخەکردنی لە چەند شارێک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ