وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: کۆنسوڵخانە نوێیەکەمان لە هەولێر لە 2025 تەواودەبێت

12-02-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی رووداودا ئاماژە بەوە دەکات، کۆمەڵگەی کۆنسوڵخانەی نوێی وڵاتەکەیان لە هەولێر، لە ساڵی 2025 تەواو دەبێت. 
 
پێشتر وەزارەتەکە مەزەندەی کردبوو کۆنسوڵخانەکە ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ تەواو بێت، بەڵام نوێترین راپۆرتی پشکنەری گشتیی ئەمریکا کە رۆژی 10-2-2024 بڵاوبووەوە، ئاماژەی بەوە کرد، لەبەر چەند هۆکارێکی ئەمنی، تەواوکردنی دروستکردنی کۆنسوڵخانەکە دوادەکەوێت. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کارکردن لە بەشێکی پڕۆژەکە وەستابوو، چونکە بەشێکی کارمەند و کرێکارەکانی پڕۆژەکە گەڕێندرابوونەوە وڵاتەکانیان، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی هێرشی درۆنی و مووشەکی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە. 
 
لەسەر فەرمانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کارکردن لە بەشێکی پڕۆژەکە لە 23 ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە تاوەکو 4ـی شوباتی ئەمساڵ وەستا. نووسینگەی بەڕێوەبردنی باڵەخانەکانی دەرەوەی وڵات کە سەر بە وەزارەتی دەرەوەیە، لە چاوەڕوانیی مۆڵەتی وەزارەتەکەدا بوو بۆ ئەوەی هێزی کار بگەڕێنێتەوە سەر پڕۆژەکە و کارکردن دەستپێبکرێتەوە، ئەمە وەک لە راپۆرتی پشکنەری گشتیدا هاتبوو. 
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی رووداودا پشتڕاستیدەکاتەوە، مۆڵەت بە نووسینگەکە دراوە کارمەند و کرێکارەکان بگەڕێنێتەوە سەرکار.
 
راپۆرتەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو "ئەگەر تاوەکو 4ـی شوبات مۆڵەت وەرنەگرێت، نووسینگەکە هێزی کاری زیاتر لە پڕۆژەکە دەکشێنێتەوە، تێچوو و کاریگەریی گۆڕینی خشتەی کارەکانیش زیاتر دەبن."
 
کۆمەڵگەکە لە ژمارەیەک باڵەخانە پێکدێت، لە هاوینی 2018ـەوە لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی، خۆجێیی و بیانی دەست بە دروستکردنی کراوە و دەبێتە گەورەترین کۆنسوڵخانە لەسەر ئاستی جیهان کە رووبەرەکەی 200 هەزار مەتر دووجایە، واتە هێندەی 28 یاریگەی تۆپی پێیە. 
 
وەزارەتی دەرەوە لە چارەکی سێیەمی ساڵی رابردوودا، پشکنەری گشتیی وڵاتەکەی ئاگادارکردبووەوە؛ دروستکردنی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، 90٪ـی تەواو بووە. 
 
وەزارەتەکە مەزەندەی کردبوو، کە کۆنسوڵخانەکە 795 ملیۆن دۆلاری تێبچێت. 
 
کۆمەڵگە دیپلۆماسییەکە ژمارەیەک باڵەخانە لەخۆدەگرێت، لەوانە کۆنسوڵخانە، شوێنی حەوانەوەی هێزی مارێنز کە پاسەوانی لە کۆمەڵگەکە دەکەن، لەگەڵ چەند نووسینگەیەکی دیکە. 
 
کۆمەڵگەکە بەشێوەیەکی ژینگەدۆست بۆ کەمکردنەوەی بەکاربردنی ئاو و کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان دروستدەکرێت و، بڕیارە لە یەک کاتدا، ستافێکی 400 کەسی تێیدا کاربکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''