هاوسەرۆکی نوێی مەسەدە بۆ رووداو: بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا ئامادەین

12-01-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
مەحموود موسڵیت، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە لە هەیڤپەیڤینیدا لەگەڵ سوورەیا هەساری، پێشکێشکاری رووداو.
مەحموود موسڵیت، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە لە هەیڤپەیڤینیدا لەگەڵ سوورەیا هەساری، پێشکێشکاری رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هاوسەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە بە رووداوی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادەیە لەگەڵ "هەموو وڵاتان"ـی پەیوەندیدار بە قەیرانی سووریاوە گفتوگۆ بکات، بە تورکیاشەوە.
 
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە سورەیا هەساری پێشكێشیکرد، مەحموود موسڵیت، کە 21ی کانوونی یەکەمی 2023 بە هاوسەرۆکی نوێی مەسەدە هەڵبژێردرا، باسی لە روانگەی خۆی بۆ داهاتووی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ململانێی سووریا کرد.
 
لە بارەی پەیوەندیی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و تورکیا، کە بە چەندین قۆناخی جیاوازدا تێپەڕیوە، موسڵیت گوتی، "کراوەم؛ باوەڕم بە کولتووری تۆڵەسەندنەوە نییە، بەڵام باوەڕم بە کولتووری گفتوگۆ هەیە. دەستی خۆمان درێژ دەکەین و هەموو لایەنێک هان دەدەین بۆ گفتوگۆ، ئینجا تورکیا بێت یان وڵاتەکانی دیکە، لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئارامی"، بەڵام جەختیشیکردەوە کە "تورکیا ، عەفرین و سەرێ کانیی داگیرکردووە" و گوتیشی، "تاوەکو پێمان بکرێت، هەوڵدەدەین یارمەتیی خەڵکی عەفرین و سەرێ کانیی بدەین بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر خاک و زێدی خۆیان".
 
عەفرین لە کانوونی دووەمی 2018 و سەرێ کانی لە تشرینی یەکەمی 2019 لە لایەن تورکیا و هێزە چەکدارە سوورییە لایەنگرەکانییەوە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، باڵی سەربازیی مەسەدە دەرهێنران.
 
مەسەدە لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2015 دامەزرا کە 16 پارت و لایەنی سیاسیی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، سریانی و ئاشووری لەخۆدەگرێت.
 
موسڵیت عەرەبی خەڵکی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانە و لە هۆزی جبوورە؛ خاوەنی وڵاتینامەی ئەمریکایە، پێشتر لە ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە نزیک بووە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەتەوە؛ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش وێنەی کۆبوونەوەکانی و نامەی پیرۆزبایی بە بۆنەی سەرکەوتنی ئەردۆغان لە دوایین هەڵبژاردنەکان بڵاوکردووەتەوە.

 

 
هاوسەرۆکەکەی مەسەدە دەڵێت، "لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئارامی، دەستی خۆمان درێژ دەکەین و هەموو لایەنێک هان دەدەین بۆ گفتوگۆ، ئینجا تورکیا بێت یان وڵاتەکانی دیکە. هیوادارین هەموو لایەنەکان ئەوە بزانن لێرە لە ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئێمە یەکگرتووین لە بڕیارەکانماندا بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو داگیرکارییەکانی ناوچەکانمان."
 
لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا هەوڵدەدات پەیوەندی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و تورکیادا دروستبکاتەوە، هاوسەرۆکی مەسەدە گوتی، "بۆ گفتوگۆ لە هەموو دەرگاکان دەدەین. باوەڕم بە گفتوگۆ هەیە؛ باوەڕم بە شەڕ نییە؛ باوەڕم بە کولتووری تۆڵەسەندنەوە نییە. بەڵێ لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵ دەدەم، ئینجا تورکیا بێت یان هەر لایەنێکی دیکە".
 
موسڵیت ئاماژەی بەوە کرد کە "بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات روانگەیەکی روون و دووربینیان هەیە بۆ داهاتووی سووریا هەیە".
 
لە سەرەتای ململانێی سووریا، پەیوەندیی نێوان شەڕڤانان و تورکیا باش بوو. ساڵح موسلیم، هاوسەرکی پارتی یەکێتیی دیموکرات - پەیەدە، باڵی سیاسیی یەپەگە، بووە بابەتی مانشێتی میدیاکان کاتێک هاوینی 2013 سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا کۆبووەوە. ئەوکات ساڵح موسلیم بە میدیای فەرمیی تورکیای گوت، "دۆستی تورکیاین و پەیوەندییەکانمان بۆ ئێمە گرنگن"؛ باسی لەوەش کرد، پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئەو گرووپە سووریانەدا هەیە کە ئەنقەرە پشتیوانییان دەکات و دەیانەوێت باشتریشی بکەن. 
 
میدیای تورکیا لە زاری ئەحمەد داودئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەو پەیامەی ساڵح موسلیم بە رای گشتیی داوە، "لەگەڵ بنەماکانی تورکیا دەگونجێت."
 
بەڵام دواتر پەیەدە و ئەنقەرە لەسەر پرسی سووریا نەگەیشتنە رێککەوتن و بوونە دووژمنی سەرسەختی یەکدی. لە ساڵی 2016وە تورکیا سێ جار لەشکرکێشیی گەورەی بۆسەر سووریا کردووە، بە پشتیوانیی هێزە سوورییە نزیکەکانی، شارە گرنگەکانی وەکو عەفرینی کۆنترۆڵکردووە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە یەپەگە بە بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دادەنرێت کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت. ئەنقەرە بەڵێنی داوە رێگە بە دروستبوونی هیچ قەوارەیەکی خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە سووریا نەدات و هەڕەشەی لەشکرکێشیی چوارەمیش دەکات. ساڵح موسلیمیش ئێستا لە ریزی سەرەوەی "لیستی تیرۆر"ی تورکیادا دێت.
 
ئەنقەرە یەپەگە بە لقی سووریای پەکەکە دادەنێت، ئەو پارتەی کە تورکیا لە ساڵی 2013وە لەگەڵیدا لە گفتوگۆی ئاشتیدا بوو تاوەکو ئەو کاتەی لە ساڵی 2015 پرۆسەکە هەرەسی هێنا. لەبارەی ئەو هێزانەی کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دادەنێن و لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، موسڵیت دەڵێت، "چالاکی و بیرۆکەکانیان پەرش و بڵاو بوون و رێچکە و بیرکردنەوەی جارانیان نەماوە".
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بە گوتەی موسڵیت، دەکرێت ببێتە "پێگۆڕێک بۆ سووریای داهاتوو،" چونکە "هەڵگری زۆر لە خواست و هیواکانی سووریایە" و "ئیدارەیەکی جوداخواز نییە، بەڵکو بەشێکە لە سووریا، باوەڕی بە یەکێتیی سووریا و خاک و گەلەکەی هەیە".
موسڵیت گوتیشی، پڕۆژەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ چارەسەری ململانێی سووریا "زۆر پێشکەوتووترە لەو پڕۆژە سیاسیانەی کە لە پارتە سووریەکانی دیکە بینیومن و لەگەڵیان باسم کردوون".
 

 

 
دەقی هەڤپەیینی رووداو لەگەڵ مەحمود موسڵیت، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە):
 
رووداو: گەڕانەوەتان بۆ سووریا و بەتایبەت ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر مایەی سەرسوڕمانی هەموو لایەنە سیاسییەکان بوو. هۆکار چی بوو؟
 
مەحموود موسڵیت: سەرەتا دەمەوێت بە بۆنەی ساڵی نوێوە لەم سەکۆیە بەڕێزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی کوردستانی عێراق بکەم، بە گەل و سەرکردەکانییەوە. لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە کە گەلی کوردستانی عێراقی خۆشەویست، پێشکەوتن و گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. 
 
سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەکەت، هیچ سەرسوڕمانێک لەو بابەتەدا نییە، چونکە من سووریم و ئەم وڵاتە وڵاتی منە و مێژوویەکی قووڵمان لەم ناوچەیە هەیە.
 
لە راستیدا من هاتمە لای کەسوکارەکانم، هەروەها ئەرکێکم هەیە کە پێویستە بەشێک بم لە پڕۆسەی سیاسی، ئاسایش و ئارامیی ئێرە. ئیدی مایەی سەرسوڕمان نییە، چونکە من هاتوومەتە لای کەسوکارم.
 
رووداو: زانیاری هەبوو لەسەر ئەوەی کە بە پاڵپشتی ئەمریکا هەوڵ بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی سەربازی لە دەرەوەی هەسەدە دەدەیت. بۆچی ئەو هێزە دانەمەزرا؟
 
مەحموود موسڵیت: پێش هەموو شتێک، ئەمە یەکەمجارە دەبیستم هەوڵێک بۆ دامەزراندنی پێکهاتەیەکی سەربازی هەبێت. تاکە پێکهاتەی سەربازی بریتییە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە. هەموو لایەنەکان لەژێر چەتری ئەو هێزەدان. ئێمە نامانەوێت خۆمان پەرش و بڵاو بکەین؛ ناشمانەوێ رێگەکانمان پرش و بڵاو بکەین. ئێمە لەم پێکهاتەداین و هەمیشە لە ژێر سێبەریدا دەبین.
 
رووداو: کە گەڕایتەوە سووریا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرت هەڵبژارد. بۆچی ئۆپۆزیسیۆن و حکومەتت هەڵنەبژارد؟
 
مەحموود موسڵیت: راستییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات روانگەیەکی روون و دووربینیان بۆ داهاتووی سووریا هەیە. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ من پرسی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو ئەوان، لە چوارچێوەی شۆڕش و بە تێپەڕبوونی کات، دەستکەوتەکانیان پاراستوون، ئاشتیی کۆمەڵایەتییان پاراستووە، گەلەکەمانیان پاراستووە. ئیدی ئێمە ناتوانین بەشێک نەبین لەو بەڕێوەبەرایەتییە و ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات.
 
راستییەکەی بابەتەکە هەڵبژاردن نییە، چونکە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ئێمەیە و ئێمەش لەوین. ئەوان کەسوکاری ئێمەن. ئەوان لە هەسارەیەکی دیکەوە نەهاتوون، هەربۆیە بەردەوام بە شتێکی سەیر دەبینم کە زۆر پرسیارم لێ دەکرێت لە بارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هۆکاری ئەوەی کە بۆچی هەڵم بژاردووە! بە پێچەوانەوە وڵاتی خۆمم هەڵبژاردووە؛ گەلەکەمم هەڵبژاردووە؛ ناوچەکەم هەڵبژاردووە."
 
سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆن، چالاکییەکانی  پەرش و بڵاو بوون، بیرۆکەکانی پەرش و بڵاو بوون، ئیدی هەمان رێچکە و بیرکردنەوەی جارانی نەماوە کە من دەمویست لە داهاتووی سووریادا بەشێک بم لێی، بەڵام دواجار ئێمە کراوەین بۆ هەمووان، بۆ ئەوەی لەم بزاڤە گەورەیەدا بەشداربین. 
 
رووداو: ئایا دەکرێت بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ  سووریای داهاتوو ببێتە چارەسەر؟
 
مەحموود موسڵیت: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، وەک پێشتر پێم گوتیت، هەڵگری زۆر لە خواست و هیوای سووریایە. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەڕێوەبەرایەتییەکی جوداخواز نییە، بەڵکو بەشێکە لە سووریا، باوەڕی بە یەکێتیی سووریا و خاک و گەلەکەی هەیە؛ پڕۆژەکەی زۆر پێشکەوتووترە لەو پڕۆژە سیاسییانەی کە لە پارتە سووریەکانی دیکە بینیومن و لەگەڵیان باسم کردوون. بەڵام، دەکرێت ببێتە پێگۆڕێک بۆ سووریای داهاتوو؛ دەکرێت وەک ئامادەکارێک خزمەت بە هەموو سوورییەکان بکات، بۆیە پڕۆژە نیشتمانییەکەی بە گوێرەی خواستی سوورییەکانە. 
 
رووداو: هەسەدە رایگەیاندووە کە زۆر گۆڕانکاری روودەدەن. رۆڵتان چی دەبێت لەو گۆڕانکارییانە؟
 
مەحموود موسڵیت: گۆڕان پێویستە؛ گۆڕان شتێکی گرنگە، بەتایبەت لەم قۆناخە سەختەدا. ئێمە یەک تیمین، ناتوانم باسی رۆڵی خۆم وەک تاکێک بکەم، بەڵام تیمێکین کە کاردەکەین بۆ کرانەوە بەڕووی هەموو پێکهاتە سوورییەکاندا، بۆ پەرەپێدان و گەیشتن بە پڕۆژەی سووریا، لە کاتێکدا هیچ رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی نییە. رۆژ دوای رۆژ کێشەی زیاتر بۆ سوورییەکان سەرهەڵ دەدەن. چەندین ساڵە باسی پڕۆژەی گفتوگۆی سووری-سووری دەکەم ، چونکە من گفتوگۆ بە گرنگترین پێداویستی دەزانم کە هیچ شتێک ناتوانێت جێگەی بگرێتەوە بۆ خەڵکی سووریا، بە هەموو پێکهاتە و بیر و بیروباوەڕەکانییەوە.
 
رووداو: تورکیا، عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانی داگیرکردووە. پلانی مەسەدە بۆ ئەو ناوچانە چییە؟
 
مەحموود موسڵیت: ئێمە وڵاتێکی دابەشکراوین؛ زۆر داگیرکاری هەیە، تورکیا، رووسیا، ئێران و ئەمریکا. بەڵێ، تورکیا، عەفرین و سەرێ کانی داگیرکردووە. تاوەکو پێمان بکرێت، هەوڵدەدەین یارمەتیی خەڵکی عەفرین و سەرێ کانیی دەدەین بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر خاک و زێدیان. من کراوەم، باوەڕم بە کولتووری تۆڵەسەندنەوە نییە، بەڵکو باوەڕم بە کولتووری گفتوگۆ هەیە. دەستی خۆمان درێژ دەکەین و هەموو لایەنێک هان دەدەین بۆ گفتوگۆ، ئینجا تورکیا بێت یان وڵاتەکانی دیکە، لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئارامی. هیوادارین هەموو لایەنەکان ئەوە بزانن لێرە لە ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئێمە یەکگرتووین لە بڕیارەکانماندا بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو داگیرکارییەکانی ناوچەکانمان.
 
7رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ تورکیا باش بوو. ئێستا پەیوەندیەکانتان چۆنن؟
 
مەحموود موسڵیت:  من کەسایەتییەکی سیاسیم و پەیوەندیم لەگەڵ زۆر دەوڵەت هەیە؛ ئەگەر ئەو پەیوەندیانە لەگەڵ تورکیا بن یان وڵاتی دیکە. ئەگەر ئەو وڵاتانە هاوکارمان بن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و گفتوگۆ و کرانەوە بەڕووی هەموو وڵاتاندا، ئێمەش لای خۆمانەوە گفتوگۆ چالاک دەکەین. من هیچ پەیوەندییەکم لەگەڵ هیچ دامەزراوەیەک لە تورکیا و دەرەوەی تورکیاوە نەکردووە. 
 
رووداو: هەوڵدەدەیت پەیوەندی و گفتوگۆ لەنێوان ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات و تورکیا دروستبکەیت؟
 
مەحموود موسڵیت: بۆ گفتوگۆ لە هەموو دەرگاکان دەدەین. باوەڕم بە گفتوگۆ هەیە؛ باوەڕم بە شەڕ نییە؛ باوەڕم بە کولتووری تۆڵەسەندنەوە نییە. بەڵێ لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵ دەدەم، ئینجا تورکیا بێت یان هەر لایەنێکی دیکە بێت. کردنەوەی کەناڵەکانی گفتوگۆ لە پێناو ئاشتی و گەڕانەوەی خەڵکە بۆ عەفرین و سەرێ کانی و خاکی خۆیان.
 
رووداو: هەوڵ دەدەیت گفتوگۆکانی نێوان مەسەدە و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا - ئەنەکەسە زیندوو بکەیتەوە؟

 

مەحموود موسڵیت: بەڵێ زۆر دەستپێشخەریی ئاشتەوایی هەن. دواجار ئێمە سوورین و بەرژەوەندی گەلەکەمان و بەرژەوەندی وڵاتەکەمان گرنگییەکی زۆری هەیە. کار لەسەر هەموو پێشنیازەکان دەکەین بۆ باشکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنەکان. لە خوا دەپاڕێینەوە هەمووان سەرکەوتوو بن.
 
رووداو: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوەکەیدا جەخت لەسەر گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق دەکاتەوە. بە بۆچوونی ئێوە، ئەگەر گفتوگۆ کرا، هیچ هەنگاوێک بەرەو چارەسەر دەنرێت؟
 
مەحموود موسڵیت: گفتوگۆ خۆی دەرفەتێکە نەک سازش و خۆبەدەستەوەدان، من بەو شێوەیە دەیبینم. ئەم دەرفەتە بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریایە. وەک پێشتر گوتم، ئێمە داوای گفتوگۆ و ئاشتی دەکەین، پێکەوە لەگەڵ دیمەشق. دیمەشق بەشێکە لە سووریا و خەڵکی سووریا، بەڵام هێشتا، یاسای نێودەوڵەتی هەن کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن. پێویستە ئامادە بین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەن و قەوارەیەکی سووریا.
 
رووداو: ئێوە لە بنەماڵەیەکی گەورەی هۆزی جبوورن کە لە یەمەنەوە تاوەکو عێراق و سوریا و ئوردن بڵاودەبێتەوە. ئایا هۆزەکەت پاڵپشتی هەنگاوەکانی داهاتووتان دەکات لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، لە کاتێکدا هۆزی جبوور دابەش بووە بەسەر چەندین لایەندا؟
 
مەحموود موسڵیت: هۆزی جبوور بەردەوام پارێزەری ئاسایش و ئارامی بووە. سوپاس بۆ خودا زۆر کەسی بیرمەند، لێهاتوو و سەرکردە لەنێو هۆزی جبووردا هەن، ئینجا لە عێراق بێت یان سووریا یان شانشینی عەرەبیی سعودیە یان لە هەر وڵاتێکی دیکە. لەسەر ئاستی هۆز و نیشتمانیش، ئێمە ئاشتیخوازین، یەکدەنگ دەبین بۆ هەر هەنگاوێکی ئەرێنی کە یارمەتیدەر بێت بۆ ئاسایش و ئاشتی و ئاساییشی کۆمەڵایەتی، لە نێوخۆ یان دەرەوەی سووریا.
 
رووداو: هۆزی جبوور، بە رابەرایەتیی بنەماڵەی موسڵیت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی چۆنە؟
 
مەحموود موسڵیت: یەکەم، ئەوە پەیوەندییەکی مێژوویی گەورەیە. هەرێمی کوردستان بریتییە لە بەردەوامبوونی ئێمە، ئەوان کەسوکاری ئێمەن و بۆ ئێمە بایەخدارن. هەروەها بنەماڵەی بارزانی مێژوویەکی دوور و درێژیان لەگەڵ ئێمە هەیە، لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانیەوە رەحمەتی خودای لێ بێت؛ ئەمڕۆش لەگەڵ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی کە وەک برایەکی گەورە و باوک و سەرکردەیەک دەیبینین و شانازی پێوە دەکەین، ئێستا لەم شوێنە، لەم سەکۆیەوە سڵاو دەنێرم بۆی، سڵاوی خۆشەویستی و گفتوگۆ لە نێوان ئێمە و کوردستانی عێراق دەنێرم و هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو و سەرکردایەتییە لێهاتووەکەی ببینین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''