فەلاح مستەفا: کۆپ29 دەرفەتێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان

11-11-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان
فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن کۆپ29
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی لە باکوو دەرفەتێکی زۆرباشە بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو قسە لەسەر ژینگە و بابەتە هاوشێوەکان بکات.
 
فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ باکووی پایتەختی ئازەربایجان و بەشداریکردن لە کۆپ29 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوە دەرفەتێکی باشە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری دەکات. لەو کۆنفرانسەدا باس لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکرێت، ئایا چۆن ئەو کاریگەرییانە کەمتر دەکرێنەوە. بەشێک لە وڵاتان پشتیوانیی تەواوی پاکڕاگرتنی ژینگە دەکەن؛ بەتایبەتی بابەتەکانی ئاو، کەشوهەوا، پاراستنی دارستانەکان، بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و زیادبوونی رووبەری بیابان".
 
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق فەلاح مستەفا باسی لەوە کرد، هەولێر و بەغدا کە هەردووکیان شاندیان لە کۆنگرەکەدا بەشدارە، دەکرێت ئەوە بکەنە دەرفەتێکی گەورە و سوود لە کۆنفرانسێکی وەها گرنگ و جیهانیدا ببینن.
 
هەروەها گوتی: "عێراق یەکێک لەو پێنج وڵاتەیە کە کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا تێیاندا بە زەقی هەستی پێدەکرێت. لێرەدا شاندی هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەتوانن سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن".
 
سەبارەت بە گرنگی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆپ29 راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی رەوا و دەستووری لە چوارچێوەی عێراق، لە ئاکامی هاوئاهەنگی و هاوکاریی نێوان هەولێر و بەغدا، بەشداریی شاندەکانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی گرنگ بە وڵاتانی جیهان دەنێرێت و پێیاندەڵێت لە عێراق سیستمێکی فیدراڵی هەیە؛ هەرێمی کوردستان دەتوانێت نوێنەرایەتیی خۆی لەو جۆرە کۆڕبەندانە بکات و ئەو بابەتانە بخاتەڕوو کە پەیوەندیدارن پێیەوە".
 
فەلاح مستەفا هەروەها جەختیکردەوە کە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا توانیویەتی پێگەی خۆی مسۆگەر بکات و لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی ناوچەکە هەنگاو بنێت.
 
هەرێمی کوردستان لەو کۆڕبەندانەدا بە گرنگییەوە هەڵوەستە لەسەر ئەوە دەکات کە چۆن پشتیوانی و هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت؛ بەتایبەتی لە بابەتەکانی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، پاراستنی ژینگە، خۆڵبارین، پاراستنی رووبەری دارستانەکان و چەند بابەتێکی دیکەی گرنگ کە هاوکار دەبن بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان شان بە شانی سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان بەشدارە لە کۆنفرانسی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە ئەم ساڵ ئازەربایجان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لە باکوو میوانداریی دەکات.
 
رۆژی دووشەممە، 11-11 تاوەکو 22-11-2024، 29یەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ29 لە ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت؛ چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو 15ـی مانگ لەوێ بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".