رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لووتکەی COP29 دەڵێت، 300 پرۆژەی ژینگەییان ئامادە کردووە، هەوڵدەدەن لە باکوو پرۆژەکان پارەدار بکەن و سەرنجی رێکخراو و وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ پرۆژەکانیان رابکێشین.
ئەمڕۆ 29یەم لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان دەستیپێکرد، سەرنجی کۆنفرانسی ئەم ساڵ لەسەر پەیداکردن و دەستەبەرکردنی پارەیە بۆ وڵاتە کەم داهات و هەژارەکان، کە بەهۆی پیشەسازیی وڵاتە پێشکەوتووەکان و گۆڕانی کەشوهەواوە، زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.
ئەحمەد محەممەد، ئەندامی تیمی حکومەتی هەرێمی کورستان بۆ کۆنفرانسی باکوو بە رووداوی راگەیاند، "لە دوو ساڵی رابردوودا پرۆژەیەکمان ئامادە کردووە بەناوی (پرۆژەی سەوز)، کە 300 پرۆژە لەخۆدەگرێت، دەمانەوێت لە رێگەی ئەو پرۆژانەوە وا بکەین وەبەرهێنەرانی بیانی بێنە هەرێمی کوردستان و پاڵپشتیی دارایی رێکخراوە ژینگەییەکان وەربگرین."
باسەکە لە کۆپ لەسەر ئەوەیە، وڵاتە دەوڵەمەندەکان و پیسکەرە گەورەکانی جیهان دەبێت یارمەتیی دارایی وڵاتانی دیکە بدەن بۆ گۆڕانی کەشوهەوا.
ئەحمەد محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، لە COP29 لە گفتوگۆ و دەستپێشخەرییە تەکنەلۆجییەکانی تایبەت بە گۆرانی کەشوهەوا بەشداری دەکەن.
گوتیشی، "هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک دەستپێشخەریی نێوخۆی هەیە، تایبەت بە وزەی نوێبووەوە، کشتوکاڵی بەردەوام، ئاسایشی خۆراک و ئاو، بە مەبەستی پاراستنی کۆمەڵگە. بە دوو قۆناخ جێبەجێی دەکەین و پێنج ساڵی یەکەمی تایبەتە بە هۆشیارکردنەوە و پێنج ساڵی دووەمی تایبەت دەبێت بە جێبەجێکردنی پرۆژە ژینگەییەکان."
کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) ئەمڕۆ دووشەممە 11-11-2024 لە باکوو دەستیپێکرد، تاوەکو 22 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکات و رۆژی دوو شەممە لە باکووی پایتەختی ئازەربەیجان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ