کوردستان
کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تاران
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، بە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان راگەیاندووە، کاتی دیاریکراو بۆ چەککردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان درێژ ناکەنەوە و سەردانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بۆ تاران، پەیوەندی بەو بابەتەوە نییە.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-09-2023) لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی پەیوەندیی سەردانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تاران بە کاتی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق، گوتی 28ـی خەرمانان (19ـی ئەیلوول) وادەی دیاریکراوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی چەککردنی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە ئاشکرا و بە فەرمی لە لایەن بەرپرسانی پەیوەندیداری ئێرانەوە بە بەرپرسانی عێراق راگەیێندراوە، وادەکە درێژ ناکرێتەوە.
ناسر کەنعانی دەڵێت، "حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا هەندێک هەنگاوی باشی ناوە و جەختی لەسەر پابەندی خۆی بەو رێککەوتنەوە کردووەتەوە"، هەروەها دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رۆژانی رابردوودا قسەی باشی لەسەر پابەندی ئەو وڵاتە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ تاران گوتی، سەردانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تاران "لە چوارچێوەی گفتوگۆ و هاوکاری ئەرێنیی دوو لایەنەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراقدایە و هیچ پەیوەندیی بە وادەی دیاریکراو و قسەکردن لەسەر درێژکردنەوەی کاتی دیاریکراوەوە نییە."
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆکرد کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران واژۆکەیان کرد. یاداشتەکە هاوئاهەنگی لەڕووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆگرتووە.
دەقی گوتەکانی ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران:
هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی روونە. بەپێی رێککەوتنێک کە لەگەڵ عێراق کراوە، 28ـی خەرمانان وادەی دیاریکراوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی چەککردنی هێزە تیرۆریست و جوداخوازەکان لە خاکی عێراق و ناوچەی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و ئەو رێککەوتنە بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە. ئەوە بە ئاشکرا و بە فەرمی لە لایەن بەرپرسانی پەیوەندیداری کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیێندراوە. ئەو بابەتە بە بەرپرسانی باڵای کۆماری عێراق راگەیێندراوە و بە بەرپرسانی حکومەتی ناوچەیی هەرێمی کوردستانی عێراقیش گەیێندراوە و بەرپرسیارێتییەکەیان وەبیرهێندراوەتەوە و پێیان گوتراوە، رێککەوتی دیاریکراو بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە. بە خۆشحاڵییەوە حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا هەندێک هەنگاوی باشی هەڵگرتووە و جەختی لەسەر پابەندی خۆی بەو رێککەوتنە کردووەتەوە کە لەگەڵ لایەنی ئێرانی کردوویەتی. بەڕێز سەرۆکوەزیرانیش لەم دواییانەدا قسەی زۆر باشی لەو بارەوە کرد. هیوادارین لە کاتی دیاریکراودا، جێبەجێکردنی تەواوی خاڵەکانی رێککەوتن لەلایەن حکومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق ببینین. سەردانی بەرپرسی یەکێتیی نیشتمانی بۆ تارانیش لە چوارچێوەی گفتوگۆ و هاوکاری ئەرێنیی دوو لایەنەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراقدایە و هیچ پەیوەندی بە وادەی دیاریکراو و قسەکردن لەسەر درێژکردنەوەی کاتی دیاریکراو نییە. وەڵامەکەم روون و ئاشکرایە و ئەو لایەنانەی دەبێ ئەو پەیامە وەربگرن، پەیامەکەیان وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ