رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.6 پلەی رێختەر روویدا. تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی بوومەلەرزەکە بڵاونەکراوەتەوە.
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بڵاویکردەوە، کاژێر 10:41 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.6 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی عەزیزییە سەر بە پارێزگای ئەرزەڕۆم تۆمارکراوە.
بەگوێرەی ئافاد، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 7.04 کیلۆمەتر بووە، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی بڵاونەکراوەتەوە.
لەدوای بوومەلەرزەکانی 6ـی شوباتی ئەمساڵەوە، کە بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلە لە دوو شارۆچکەی پارێزگای مەرەش روویاندا و زیانی بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان و سێ پارێزگای تورکیا گەیاند، زیاتر لە 33 هەزار و 77 پاشلەرزە تۆمارکراون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە بۆ 50 هەزار و 500 کەس بەرزبووەتەوە. بوومەلەرزەکان کاریگەریی گەورەشیان لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەبوو و نزیکەی شەش هەزار کەسیش لەوێ گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ