رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی گەرمادا گەشتیاران لە ئامەد، مێردین، ئێلیهـ و رووهای باکووری کوردستان و زۆرێك لە پارێزگاکانی تورکیاوە دەچنە پارێزگای دێرسم.
لە گەشتەکانیاندا سەردانی مەیدانی سەید رەزا، پارکی نیشتمانی لە گەلی مونزو و چەندین شوێنی دیکەی گەشتیاری دەکەن.
ئەو گەشتیارانەی لە پارێزگاکانی تورکیاوە چوونەتە دێرسم، خۆشحاڵن بە بینینی ئەو دیمەنە دڵڕفێنانە و دەڵێن، لە پاڵ سرووشتی دێرسم، کولتوورەکەشی بۆ ئەوان جێگەی سەرنجە.
گولدەنز کایا، گەشتیارە و دەڵێت، "یەکەم جارە دێم. خەڵکی مەرزیفۆنم. بۆ من وەک خەیاڵ وابوو، زۆر هاوڕێم هەیە خەڵکی ئێرەن، ویستم بێم و ئێرە بیبینم. هەستێکی جیاوازم لا دروست بوو."
محەممەد کایا رێبەرێکی گەشتیارییە، ئەو دەڵێت، خواستێکی زۆر لەسەر گەشتکردن بۆ دێرسم هەیە؛ هەر بۆیە کۆمپانیاکان ژمارەی گەشتەکانیان زیاد دەکەن.
محەممەد کایا، رێبەری گەشتیارییە و دەڵێت، "ئێمە لە باتمانەوە 50 کەس هاتووین. بۆچی مونزور و دێرسممان هەڵبژارد؟ بەر لە هەموو شتێک، خەڵکی خولیای سرووشتی گەلی مونزور و جەمجانەکان و عەولەتین. هەربۆیە خواستی گەشتکردن بۆ ئێرە زۆرە. خۆم و گەشتیاران زۆر خۆشحاڵین بە هاتنمان بۆ ئێرە."
گەشتیارە نێوخۆیی و بیانییەکان لە پارێزگای دێرسم، سەردانی پارکی نیشتمانی و چەمی مونزور دەکەن کە بووەتە شوێنی رافتینگ و جۆرەکانی دیکەی وەرزش.
بەگوێرە داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی کولتوور و گەشتیاری دێرسم، ساڵی رابردوو نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی ئەو پارێزگایەی باکووری کوردستانیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ