رووداو دیجیتاڵ
سەلام بیلال، سەرۆکی نوێی شارەوانیی هەڵەبجە لە شوێنی سەید حەکیم سەید نەجیب، سەرۆکی پێشووی شارەوانی دەستبەکاربوو و دەڵێت: "چاوم لەسەر پڕۆژە راگیراوەکان دەبێت و یەکێک لە کارەکانم زیندووکردنەوەی ئەو پڕۆژانەیە."
رۆژی پێنجشەممە، 11-05-2023، سەلام بیلال، سەرۆکی نوێی شارەوانیی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "بەڵێن دەدەین بتوانین بەشێوەیەک راستەوخۆ پردێکی پەیوەندی لە نێوان شارەوانی و هەموو تاکێکی هەڵەبجە دروست بکەین، بەڵێن دەدەین خزمەتگوزارییەکانمان بگاتە گەورەترین سنوور لە چوارچێوەی ئەو پێداویستییانەی لە سنووری شارەوانیی هەڵەبجە لە بەردەستماندایە."
سەرۆکی نوێی شارەوانیی هەڵەبجە لەبارەی ئەو پڕۆژانەی لە شارەکە راگیراون گوتی: "چاوم لەسەر ئەو پڕۆژانەیە و یەکێک لە کارەکانمان زیندووکردنەوەی ئەو پڕۆژانە دەبێت."
تەنیا لە ماوەی شەش مانگدا ئەوە دووەمجارە سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە دەگۆڕدرێت. رۆژی 25-10-2022، کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی پێشووتری شارەوانیی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاند، هەمان رۆژ سەید حەکیم هانەسوورەیی وەک سەرۆکی شارەوانی دەستبەکاربوو.
دوای شەش مانگ لەدەستبەکاربوونی، سەید حەکیم دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشکرد و رۆژی 2ـی ئایاری 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خۆم دەزانم کێ بڕیاری دوورخستنەوەی داوم و هۆکار چییە، بەڵام جارێ ئاشکرای ناکەم. کاتێکیش زانیم بڕیاری دوورخستنەوەکەم دراوە، دەستلەکارکێشانەوەم نووسی".
هانەسوورەیی لە راگەیێندراوێکدا نووسی: "لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونمەوە لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتووی ئیدارەی هەڵەبجەوە کە تەلەفونم بۆ دەکرا بەشێوەی ئەمر و نەهی قسەیان لەگەڵ دەکردم، بێ ئاگا لەوەی کەرامەتی خۆم و سەربەرزیی بنەماڵەکەم هی ئەوە نییە ئەو جۆرە مامەڵانە قبووڵ بکەم؛ لەبەر ئەوە هەر لە سەرەتاوە سەنگەریان لێگرتم؛ ئەوەی ویستیان بیکەن کردیان و لەکۆتاییدا لەو پۆستە لادرام".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ