رووداو - هەولێر
كونسوڵی گشتیی وڵاتی چین داوا لە وەزیری خوێندنی باڵا دەكات پەیمانگایەك بۆ فێربوونی زمانی چینی لە كوردستان بكرێتەوە. وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستانیش داوادەكات لە زانكۆكانی چین كورسی خوێندن بۆ خوێندكارانی هەرێمی كوردستان دابینبكرێت.
بەپێی راگەیێندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە كونسوڵی وڵاتی چین كردووە، لە زانكۆكانیان كورسی خوێندن بۆ خوێندكارانی هەرێمی كوردستان دابینبكەن، چونكە "دابینكردنی كورسی خوێندن لە زانكۆكانی وڵاتی چین، كاردانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر كایەكانی دیكەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و چین".
لەبەرامبەردا كونسوڵی گشتی وڵاتی چین (تان بانگ لین) كە ئەمڕۆ 11/2/2015 سەردانی د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كردبوو داوایكردووە لە هەرێمی كوردستان پەیمانگایەكی تایبەت بە فێربوونی زمانی چینی بكرێتەوە.
لە راگەیێنراوەكەدا هاتووە كە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، جەختی لەسەر پێویستی گەشەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كردووتەوەو رایگەیاندووە "پتەوكردنی پەیوەندی رۆشنبیری و زانستی، فاكتەرێكی گرنگە بۆ گەشەسەندنی پەیوەندییە ئابوورییەكان، ئەمەش لەڕێگەی فێربوونی زمانی یەكتری و بەهێزكردنی پەیوەندییە كولتووریەكان دێتە ئاراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ