3000 کۆچبەری سووریایی لە تورکیاوە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان

10-12-2024
شەوکەت هەرکی
شەوکەت هەرکی
ئاوارەکانی سووریا لە تورکیا
ئاوارەکانی سووریا لە تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەدوای دوو رۆژ لە رووخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد، سێ هەزار کۆچبەر و پەنابەری سووریایی لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان. لە دەروازەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئامادەکاری کراوە و هەر پەنابەرێک پێویستە ناسنامەیەک پێشکێش بکات کە هیچ قەرزێکی لەسەر نەبێت. 
 
پەیامنێری رووداو چووەتە دەروازەی بابوول هاوایە کە ناوە تورکییەکەی دەروازەکە (سیلڤێگۆزوی)ـە، کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی سووریا پەنابەران لەو دەروازەیەوە چوونەتە تورکیا.
 
ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و لە هەمان دەروازەوە ئەو کەسانەی رۆژانێک لێرەوە هەوڵی هاتنە تورکیایان دەدا، ئێستا دەیانەوێ بگەڕێنەوە نیشتمان و زێدی خۆیان.
 
مستەفا ئەلبەشیر، یەکێکی لەو پەنابەرانەی دەیەوێ بگەڕێتەوە سووریا و بە رووداوی گوت: "8 ساڵە لە تورکیام، لە شاری موغلا کارم دەکرد. سوپاس، ئێستا وڵاتەکەمان ئازادە. ئەگەر شتێکی خراپ رووی نەدا، دەگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەم."
 
ئەنوەر شەریف، هاووڵاتییەکی دیکەی سووریاییە و دەڵێت، "8 ساڵە لە تورکیام. تورکیا زۆر هاوکاری کردین. لە دەرمانەوە بۆ منداڵەکانمان تاوەکو هەموو پێداویستیەکانمان. دووبارە و سێ بارە سوپاسی تورکیا دەکەم."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، هەر کۆچبەر و پەنابەرێک بیەوێت لە تورکیاوە بگەڕێتەوە سووریا، پێویستە ناسنامەیەک رادەستی حکومەتی تورکیا بکرێت کە هیچ سزا و قەرزێکی لەسەر نەبێ.
 
ئەحمەد رەمەزان، یەکێکی دیکەیە لە ئەو پەنابەرە سووریاییانەی لە تورکیا دەژی و دەڵێت: "باشە، خەریکین تێیدەپەڕێنین، ئەوە دەگەڕێینەوە بۆ وڵاتەکەمان سووریا، دەچینەوە بۆ وڵات و بۆ سەر زەویی و ماڵەکانمان."
 
عەبدوڵڵا حەسەن، هاووڵاتیی سووریایی: "سووپاسی هەموو گەلی تورکیا دەکەین. 13 ساڵە داڵدەمان دەدەن. ئێستا دێمەوە. سوپاس بۆ خوا شارەکەم لەلایەن سوپای ئازادەوە ئازاد کرا. بەداخەوە نەمتوانی بەشداری شەڕەکە بکەم، بەڵام براکانم لە شەڕەکەدا بوون. ئێستا کاتی گەڕانەوەیە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە