رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم بە رووداوی راگەیاند، بەشداربووانی کۆرەک بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن لە وەرگرتنی نامەی نێودەوڵەتی.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە گوایە لە چەند رۆژی داهاتوودا خاوەن هێڵەکانی کۆڕەک، نامەی نێودەوڵەتییان بۆ ناڕوات و هەژمارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەونە مەترسییەوە.
بەڵام رۆژی هەینی، کۆمپانیا تێلیکۆمییەکە ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و بە رووداوی گوت، "ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و هاوبەشانمان دڵنیا دەکەینەوە کە گەڕانەوەی نامە وەکو خۆی ماوە و دەمێنێتەوە".
بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە دوای ئەوە هات کە مانگی رابردوو، بەهۆی چەند کێشەیەکەوە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق فەرمانی بە کۆمپانیا تێلیکۆمییەکانی دیکەی وەک ئاسیاسێڵ و زەین کرد کە پەیوەندی لەگەڵ کۆڕەک بپچڕێنن، بەو واتایەی بەشداربووانی کۆڕەک و ئەو تۆڕانە ناتوانن پەیوەندی بە یەکەوە بکەن.
بەڵام دامەزراوەکە کە تایبەتە بە چاودێریکردن و رێکخستنی کاروباری پەیوەندی و گەیاندن، هیچ قسە و روونکردنەوەیەکی لەسەر پەیوەندیی کۆڕەک بە دەرەوە نەبووە، وێڕای ئەوەی دەنگۆیەکە بە ناوی ئەو دەزگەیە بڵاوکراوەتەوە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لای بەشداربووانی کۆڕەک، چونکە لە ئەگەری لەدەستدانی پەیوەندی بە دەرەوە، ناتوانن کۆدی پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە لە کاتی چوونە نێو هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان وەربگرن، بەوەش کێشە بۆ هەژمارەکانیان دروست دەبێت.
عەلی موئەییەد، سەرۆکی دەستەکە، هەفتەی رابردوو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی عێراق، باسی لەوە کرد کە قەرزێکی 800 ملیۆن دۆلاری لەسەر کۆڕەک کەوتووە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007.
رۆژی 22-10-2023، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، "بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگە کە لە دادگە تایبەتمەندەکان دەرچووە، لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن و ئەو بڕە پارەیەی لەسەر کۆمپانیاکە هەیە و تاوەکو ئێستا نەدراوە، سەرباری هەموو گوتوبێژ و دانوستاندنەکان،" پەیوەندیی نێوان کۆڕەک و تۆڕەکانی دیکە قەدەخە دەکەن، داوا لە هاووڵاتیان دەکەن سیمکارتی نوێ نەکڕن و بریکارەکانیش نەیفرۆشن. دەستەکە فەرمانیکرد بە راگرتنی کڕین و مامەڵەکردنی سیمکارتی نوێی تایبەت بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم.
23ـی تشرینی یەکەمی 2023، کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەوان "هەمیشە" بە یاسا و رێنمایی دامەزراوە فەرمییەکانەوە پابەند بوون و سەرەڕای "ئەو نادادپەروەرییەی کۆمپانیاکەمان رووبەڕووی بووەتەوە و بەرامبەری کراوە و بەردەوامیشە، هەروەها ئەو هەنگاوە نایاساییانەی کە لەلایەن کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و میدیاوە بەرامبەرمان گیراوەتە بەر بە نەخستنەڕووی راستیی تەواو و پێدانی زانیاری ناتەواو بە دەسەڵاتی دادوەری".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ