لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی پشکنین بۆ دەنگۆی 'بوونی برنجی پلاستیک' لە بازاڕەکاندا دەکات

10-10-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە 10 مانگی رابردوودا زیاتر لە هەشت هەزار شوێن و دووکان سزادراون، نزیکەی 500 تۆن ماددەی خراپ و ماوەبەسەرچوویان لەنێوبردووە. دەشڵێت، "بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان پشکنین بۆ راستی و دروستیی ئەو برنجەی لە بازاڕدا هەیە، دەکرێت."
 
هیوا ساڵح، ئەندامی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی سەردانی 67 هەزار و 449 دووکان و فرۆشگە و خواردنگەیان کردووە."
 
ئەو ئەندامەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی گوتیشی، ئێستا 46 لیژنەی چاودێرییان هەن، 45 لیژنەیان چالاکن و دەرچوون. ئاشکراشیکرد، ئەو لیژنانە لە ئەمساڵدا 8 هەزار و 64 پسوولەی سەرپێچییان بۆ فرۆشگە و خواردنگە و دووکانەکان کردووە لەگەڵ داخستنی 644 شوێن بەهۆی بەردەوامییان لە سەرپێچیکردن.
 
لەبارەی بڕی ئەو سزایەی لەو ماوەیەدا بەهۆی سەرپێچیکردنەوە دراون، هیوا ساڵح گوتی، 681 ملیۆن و 588 هەزار دینار سزای سەرپێچکردنی ئەو فرۆشگە و شوێنانە بووە، هەروەها 4 هەزار و 598 شوێنیش پێویستیان بە رێنمایی بووە یان رێنماییان پێدراوە.
 
بە گوتەی هیوا ساڵح، ئەمساڵ نزیکەی 500 تۆن ماددە و شمەکی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەنێوبراون، کە بەشی زۆری خۆراک بووە.
 
 
لەماوەی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە برنج لە ماددەی پلاستیک دروست دەکرێت بەناوی برنجی سرووشتییەوە دەفرۆشرێت. هیوا ساڵح، ئەندامی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی کە هاوکات پسپۆڕی خۆراکە، دەڵێت: "وەکو لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، ئێستا سەرقاڵی پشکنینێکی وردین لەسەر ئەو برنجانەی لە بازاڕدا هەن، بە وردی پشکنین بۆ جۆری برنجەکان دەکرێت و هەموو پێکهاتەی برنجەکانمان بۆ ئاشکرا دەکات."
 
دەشڵێت، ئەمڕۆ دەست دەکەن بە وەرگرتنی نموونەی برنجەکان، لە هەموو جۆرەکانی برنج نموونە وەردەگرن و دواتر لەلایەن کەسانی پسپۆڕی خۆراک و بە رێگەی ئامێری پێشکەوتوو پشکنین بۆ پێکهاتە و جۆری هەموو برنجەکان دەکەن. هیوا ساڵح گوتیشی، تاقیکردنەوەکە لە زانکۆ سلێمانی لە رێگەی ئامێری زۆر پێشکەوتوو دەکرێت.
 
ئەندامەکەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بەدووری دەزانێت ئەو برنجەی لە بازاڕەکاندا هەیە لە 'پلاستیک' دروستکرابێت و دەڵێت: "ئەگەر هەر برنجێک پلاستیک یان پۆلیمەربێت، ئەوا هەرس ناکرێت و هیچ ئەنزیمێک ماددەی پلاستیک هەرس ناکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.