رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی رێکخراوی هەسار بۆ زانستی زەوی رایگەیاند، لە پلانیاندایە تاوەکو ساڵی 2030 بڕی 100 ملیۆن دار لە شاری هەولێر و دەوروبەری بچێنن. دەشڵێت، "پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی نەوتیی کەنەدییەوە پشتیوانی دەکرێت و کاریگەریی لەسەر دابەزاندنی پلەی گەرما و کەمکردنەوەی خۆڵبارین لەسەر هەولێر و زیادکردنی ئۆکسجین دەبێت."
رۆژی دووشەممە 10-10-2022 گەشبین ئیدریس، جێگری سەرۆكی رێكخراوی هەسار بۆ زانستی زەوی لەبارەی پرۆژەکەیانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ستراتیژمان هەیە بۆ چاندنی 100 ملیۆن دار لە شاری هەولێر، پرۆژەکە پشتێنەی سەوز دەبێت و مەبەست لێی زیادکردنی رێژەی سەوزایی و کەمکردنەوەی کاریگەریی گەرما و خۆڵبارینە لەسەر شاری هەولێر، جگە لەوە رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی لێکەوتەکانیەتی."
جێگری سەرۆكی رێكخراوی هەسار بۆ زانستی زەوی گوتیشی، "پرۆژەکەمان لەلایەن کۆمپانیای نەوتیی شامارانە کە کۆمپانیایەکی کەنەدییە پشتیوانی دەکرێت، ئەو دارانەشی دەیانڕوێنین رێژەی 90%یان داری بەڕوون کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێن و رێژەی 10%ی دارەکانی دیکە هێشتا بڕیارمان لەسەر نەداوە چی جۆرە دارێک بێت و لە کوێوە بیهێنین."
لەبارەی ئاودانی دارەکانەوە گەشبین ئیدریس ئاشکرای کرد، "پرۆژەکەمان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی بەبیابانبوون و رۆچوونەکان و کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایە، بۆیە ئاوی پاک بۆ ئاودانی ئەو دارانە بەکارناهێنین، بەڵکو ئێمە لەڕێگەی ئاوی بارانەوە کە بە پلە یەک پشتی پێدەبەستین، هەروەها لەڕێگەی دانانی پرۆژەی ریسایکلین کە ئاوی پیسی ماڵان خاوێن دەکەینەوە و بەکاریدەهێنین بۆ ئاودانی ئەو دارانە."
بە گوتەی جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە، نزیکەی 400 کەس وەکو خۆبەخش لەو پرۆژەیە کار دەکەن.
ئەو قسانەی جێگری سەرۆکی رێکخراوی هەسار بۆ زانستی زەوی لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شاندێکی ئەو رێکخراوە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریان کرد، لە راگەیێندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە، "شاندی میوان پێشنیازی جێبەجێكردنی پلانێكی ستراتیژییان خستەڕوو كە دەیانەوێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەكان تاوەكو ساڵی 2030 زیاتر لە 100 ملیۆن دار، كە زۆربەیان دار بەڕوون، لە سنووری شاری هەولێر بچێنن."
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پاڵپشتی لە دەستپێشخەریی شاندەكە كرد و جەختی كردەوە، ئەو پلانە بۆ خزمەتكردنی كوردستان لەڕووی زیادكردنی رێژەی سەوزایی و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا زۆر پێویستە، بەتایبەتی چاندنی دار بەڕوو، كە یەكێكە لە سیمبولەكانی سرووشتی كوردستان و ئەوەی لەلایەن حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشەوە پێویست بێت بۆ سەرخستنی پلانە ستراتیژییەكە، هاوكار دەبن لە دابینكردنی زەوی لە پشتێنەی سەوزایی و پارك و باخچە دروستنەكراوەكان و هاوكات لە قۆناخەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە ستراتیژییە چاودێر دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ