رووداو - سلێمانی
مەكتەبی سیاسی یەكێتی فەرهاد سەنگاوی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان، لە ریزەکانی حیزبەکەی دوورخستەوە.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "لەم رۆژانەدا بێژەرێكی شاخ بەناوی (فەرهاد سەنگاوی) كە بەهۆی لیستی یەكێتییەوە، كاندید كراوە بۆ پەرلەمان، لە شارۆچكەی سەنگاوی كوردپەروەری خۆیدا، سەرەڕای سیاسەتی لیستبازی و گوتارسازی، تەنها و تەنها (23) دەنگی هێناوە. باقی دەنگەكانی لەكوردستاندا یەكێتی بۆی دابینكردووە؛ ئەم زاتە، لەدوای راپەڕینەوە بەردەوام دەڵێ: "باشترین هەل بۆ كورد هەڵكەوتووە، بۆ سەربەخۆیی، بەڵام سەركردایەتی سیاسی كوردستان ناوێرن بڕیاری سەربەخۆیی بدەن".. كەچی، كاتێك سەركردایەتی سیاسی كوردستان، بڕیاری ریفراندۆم دەدات، دەچێتە ریزی كامپینی (نەخێر لەئێستادا بۆ ریفراندۆم). ئەم سیاسەتەش، سەراپا دژی بیروباوەڕی یەكێتیو پرۆگرامەكەیەتی".
راگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت "مەكتەبی سیاسی لە كۆبوونەوەی ئێوارەی چوارشەممە 9-8-2017 بڕیاری داوە لە ریزی یەكێتی وەدەری بنێ، كە پەرلەمانی كوردستانیش ئاساییكرایەوە، پەیگیری دەكرێ پشتبەندی پەرلەمانی لێبسەندرێتەوە، هەرچیشی بەهۆی یەكێتییەوە دەستكەوتبێ، لەڕێی یاساییەوە، هەوڵی گێڕانەوەی بۆ یەكێتی دەدرێت".
ئەو بڕیارەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دوای ئەوە دێت، فەرهاد سەنگاوی بەشداری کەمپەینێکی کرد بۆ دەنگدان بە "نەخێر" لە گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستاندا.
لەبارەی سەربەخۆیی، مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاندووە "مافی چارەنووس و ریفراندۆم و سەربەخۆیی، ستراتیژی نەگۆڕی یەكێتی بوون و هەن. بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی و مەكتەبی سیاسی؛ نەخشەڕێگەی یەكێتی؛ رێكەوتنامەی یەكێتی و گۆڕان.. تاد، هەموویان جەخت لەم ستراتیژەی مافی چارەنووس و ریفراندۆم دەكەنەوە. بۆیە، لادان و بادان لەم بڕیارە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، تووندترین سزای حیزبی لەسەرە".
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ