شارەزایەکی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان: مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە

10-04-2023
ئەکرەم فەرەج
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە و شارەزایەکی کەشناسییش هۆشداری دەدات و دەڵێت، "رۆژی چوارشەممە مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە."
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی لەمیانی بەشداریکردن لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "رۆژی چوارشەممە لێزمەباران دەبارێت و لە چەند ناوچەیەک نزیکەی 130 ملیمەتر باران دەبارێت، پێویستە ئامادەکاری بۆ ئەگەری دروستبوونی لافاو و رووبەڕووبوونەوەی بکرێت."
 
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی گوتیشی، "چەقی شەپۆلەکە لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، سنووری ئیدارەکانی سۆران و راپەڕین دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارە و شەوی چوارشەممە ئاستی دابارین زیاتر دەبێت."
 
بە گوتەی محەممەد کەمال، "لە ماوەیەکی کورتدا بڕێکی زۆر باران دەبارێت و ئەگەری هەورەبرووسکە و تەرزە هەیە و پێویستە وەکو ئامادەکارییەکیش بۆ رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، رێڕەوە ئاوییەکان پاکبکرێنەوە."
 
ئەو کەشناسە پێیوایە، کاریگەریی شەپۆلی بارانبارینەکە تاوەکو دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت و دواتر کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت.
 
هاوکات، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشبینی دەکرێت رۆژانی 11 و 12ى مانگ بارانی بەلێزمە لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق ببارێت، تەنانەت لە چەند پارێزگایەکى رۆژئاوا و رۆژهەڵاتیش لافاو دروست ببێت؛ گوتیشی، پێشبینییەکە بەو جۆرەیە شەپۆلەکە تاوەکو 14ى نیسان بەردەوام دەبێت.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە 9ى نیسان بەرگریی شارستانیى عێراق چەند رێنوێنییەکى بڵاوکردەوە بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەو شەپۆلە بارانبارینە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئاوى پێویست بۆ خواردنەوە هەڵبگرن بۆئەوەى لە ئەگەری دروستبوونى لافاو و پیسبوونى ئاو، ئەو ئاوە بەکاربهێنن.
 
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى رۆژنامەڤانیى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریی شارستانیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بڵاوکردنەوەى ئەو رێنوێنییانە دواى ئەوە بوو کە لەلایەن دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراقەوە ئاگادارکراینەوە کە شەپۆلێکى بارانبارین عێراق دەگرێتەوە."
 
نەواس سەباح شاکر گوتیشى، "سەرجەم تیمەکانمان لە بەغدا و پارێزگاکانى دیکە خستووەتە ئامادەباشییەوە بۆ رزگارکردنى هاووڵاتییان و لابردنی ئاوى کۆبووەوە لەنێو ماڵەکاندا، لە ئەگەری دروستبوونی لافاو."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە