رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی رابردوو بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نامەیەکی ئاراستەی کۆنسوڵخانەکان لە هەرێمی کوردستان کردووە و تۆمەتی "تیرۆر" دەداتە پاڵ لاهوور شێخ جەنگی و داوایان لێدەکات مامەڵەی لەگەڵدا نەکەن. سەرەتای ئەم هەفتەیەش لاهوور شێخ جەنگی داوای لێکردوون لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوی چاودێری خستنە سەر جوڵە و راپۆرتەکانی سەر هاوژین و منداڵەکانی بکەن و دان بەوەدا دەنێت کە کەسێکیان دەستگیرکردووە چاودێری خێزانەکەی کردووە و دواتر ئازادیان کردووە.
بافڵ تاڵەبانی: لاهوور شێخ جەنگی تۆمەتبارە بە تیرۆر
بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان لە کەسانی نزیک لە خۆیانەوە، هەفتەی رابردوو بافڵ تاڵەبانی لەبارەی لاهوور شێخ جەنگییەوە پەیامێکی ئاراستەی کۆنسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کردووە و داوای لێکردوون مامەڵەی لەگەڵدا نەکەن و تۆمەتی "تیرۆر"یشی داوەتە پاڵ و باسی لە هێزەکەی کردووە و گوتوویەتی، "بەنایاسایی هێزی چەکداری دروستکردووە و لە یاسا لایداوە."
دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی زانیاریی لەبارەی نامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە پێدەگات، سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەویش نامەیەک ئاراستەی کۆنسوڵخانەکان دەکات و دەڵێت، هەوڵێک هەبووە بۆ ترساندنی ئەندامانی خێزانی، هەوڵی ئازاردانی هاوژین و منداڵەکانیشی دراوە.
نامەکە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و کۆپییەکی دەست رووداو کەوتووە، تێیدا هاتووە: "پێشتر چوار لە پاسەوانەکانی لاهوور شێخ جەنگی لە بازگەیەکدا رفێنراون و تاوەکو ئێستا نازانرێت لەلایەن کێوە رفێنراون."
لە نامەکەدا لاهوور شێخ جەنگی کە خۆی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناساندووە و لە رۆژی شەممە، 8ـی ئەم مانگە ئاڕاستەی کۆنسوڵخانەکان کراوە، باسی لێسەندنی سێ ئۆتۆمبێل دەکرێت لە یەکێک لە ژنە سەرکردایەتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەنێو شاری سلێمانی و دەڵێت، "لەنێوەڕاستی شار خۆی و بەرپرسی میدیا و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دابەزێندراون و ئۆتۆمبێلەکانیان لێوەرگیراوەتەوە." تۆمەتی ئەو کارەش دەداتە پاڵ بافڵ تاڵەبانی کە هێشتا هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو پرسە پشتڕاستنەکردووەتەوە، ئایا رووداوەکە روویداوە یان نا و کێ کردوویەتی.
لەبارەی پرسی چاودێریکردنی هاوژین و منداڵەکانی لاهوور شێخ جەنگییەوە، لە نامەکەدا هاتووە: "بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێمە هەفتەی رابردوو کەسێکی چەکدار دوای خێزان و سێ منداڵەکەی لاهوور شێخ جەنگی کەوتووە، کەسەکەیان دەستگیرکردووە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کردووە و دانی بەوە ناوە بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی ئەو کارەی کردووە و ئەرکی ئەو ناردنی راپۆرت بووە لەبارەی شوێن و جوڵەکانی هاوژین و منداڵەکانی لاهوور شێخ جەنگی و ناردنیان بۆ بافڵ تاڵەبانی." لاهوور شێخ جەنگی گوتوویەتی: "بەکارهێنانی ئافرەت و منداڵ وەکو کارتێکی سیاسی رێگەپێدراو نییە."
لە کۆتایی نامەکەیدا کە یەک لاپەڕەیە، لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت: "دوای ئەو رووداوە زانیارییمان پێگەیشتووە ئەو کەسەی چاودێریی دەکرد گوشاری خراوەتە سەر بۆ ئەوەی لەسەر ئەو کەسانەی دەستگیریان کردووە قسە بکات."
هەفتەی رابردوو دەنگۆی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵات شێخ جەنگی و رێبوار حاجی حامی بڵاوکرایەوە، بەڵام لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردنی پێنەگەیشتووە و تۆمەتەکانیش رەتدەکاتەوە.
بە ماددەی دووی تیرۆر سکاڵا لەسەر لاهوور شێخ جەنگی تۆمارکراوە
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دوای رووداوی چاودێریکردنی منداڵەکانی لاهوور شێخ جەنگی، ئەو کەسەی لەلایەن پۆڵات شێخ جەنگی و رێبواری حاجی حامی دەستگیرکرابوو، کە لەلای رووداو ناوەکەی پارێزراوە و پاسەوانی بەرپرسێکی یەکێتییە، تۆمەتی رفاندن دراوەتە پاڵ ئەو سێ کەسە و سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون، کە بەقسەی کەسانی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی لەژێر گوشاردا سکاڵای کردووە.
سکاڵاکە لەبەردەم دادگەی ئاسایشی سلێمانییە، کە بەپێی زانیارییەکان ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ ئەو کەسانە ماددەی دووی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە لە هەرێمی کوردستان، ماددەکە هەشت کاری وەکو تیرۆر هەژمارکردووە لەوانە: "دامەزراندنی گرووپ بە ئامانجی تۆقاندن، تیرۆرکردن بە ئامانجی سیاسی و ئایدۆلۆژی و ئاینی، بەبارمتەگرتنی کەسێک یان کەسانێک."
هەرچەندە فەرمانی دەستگیرکردنەکە بەفەرمی بڵاونەبووەتەوە، بەڵام سەیوان سیروان جاسم، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی رۆژی دووشەممە، 10-4-2023، بە رووداوی راگەیاند: "ئەگەر تۆمەتەکەش هەبێت ئەوا دەبێت بەپێی ماددەی 421ـی یاسای سزادان بێت، چونکە لایەنەکان دیارن، بۆیە ئێمە داوامان لە دادگەی ئاسایشی سلێمانی کردووە کە کاک لاهوور شێخ جەنگی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشە و ئەگەر فەرمانێک بۆ دەستگیرکردنی هەبێت ئەوا دەبێت مەرجەعی ئاگاداربێت، چونکە لاهوور شێخ جەنگی تائێستا ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دادگە فەرمانی دەستگیرکردنەکەی بەپێی ماددەی دووی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەرکردووە، بەڵام لەبەر هەندێک رێکار جێبەجێنەکراوە، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی کوردستان بکات زانیارییان لەبارەی لاهوور شێخ جەنگییەوە پێبدرێت، ئەو کاتە ئەنجوومەن وەڵامی دەداتەوە و سکاڵاکە لەسەر ئەو کەسانە لادەچێت.
رۆژی چواری ئەم مانگە، ئاراس شێخ جەنگی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەوبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دروستکردنی کەیس و فەرمانی دەستگیرکردن ئاسانە، بەڵام دادگەی سلێمانی ناتوانێت فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەوان دەربکات، چونکە ئەوان ئەفسەرن و ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانن و فەسڵ نەکراون، تائێستا کاک رێبوار لەسەر هێزەکانی پاسەوانی سنوورە و ئەو دووانەی دیکەش ئەفسەر دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانن."
بەگوتەی ئاراس شێخ جەنگی: "ئەگەر یاسا هەبێت" ئەوە ئەوان ناتوانن فەرمانی گرتن دەربکەن، بەڵکو "دەبێت دەزگای ئاسایش فەرمانی گرتنیان بۆ دەربکات."
رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەقبوونەوە دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتربوو، تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووزی 2022 مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ