31 گۆڕی بەكۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە

10-04-2017
سەمیع زوبێر
نیشانەکردن شنگال
A+ A-
لەو 31 گۆڕە بە کۆمەڵەدا هەزار و 646 تەرمی كوردانی ئێزدی هەبوون
رووداو ـ هەولێر

قائیمقامی شنگال رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 31 گۆڕی بەكۆمەڵ لە سنووری قەزای شنگال دۆزراونەتەوە، بەپێی ئامارەكانيش 1646 رووفاتی كوردانی ئێزدی-یان تێدایە كە لەلایەن چەكدارانی داعش گوللـەباران كراون.

مەحما خەلیل، قائیمقامی شنگال بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال لەلایەن پێشمەرگە لەدەست داعش لە كانوونی دووەمی 2015، تاوەکو ئێستا 31 گۆڕی بەكۆمەڵ لە سنووری قەزاكە لەلایەن تیمە تایبەتەكان دۆزراونەتەوە.

لەو 31 گۆڕە بەکۆمەڵەدا هەزار و 646 تەرمی كوردانی ئێزدی لە ژن و پیاوی بەتەمەن و گەنج و منداڵ هەبوون.

بەگوتەی مەحما خەلیل پێشبینیدەكەن 50 گۆڕی بەكۆمەڵ لە ناوچەكەدا هەبێت، بەڵام هێشتا نەدۆزراونەتەوە و تیمەكانیش بەردەوامن لەگەڕان بەدوای گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا.

قائیمقامی شنگال گوتیشی "داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین ئەو قوربانیانە بە شەهید هەژماربكات و رێوڕەسمێكی شایستەیان بۆ رێكبخات و لە گۆڕستانێكی تایبەتدا بنێژرێن".

لە ئابی ساڵی 2014 چەكدارانی داعش قەزای شنگالیان كۆنترۆڵكرد و كۆمەڵكوژیان دژی کوردانی ئێزدی ئەنجامدا.  

 

 داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە