رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتی پشکنەری گشتیی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، لەبەر چەند هۆکارێکی ئەمنی، تەواوکردنی کۆمەڵگەی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر دوادەکەوێت، "کارکردن لە بەشێکی پڕۆژەکەدا وەستاوە و تێچووەکەیشی زیادیکردووە."
پشکنەری گشتیی ئەمریکا کە پۆستێکی هاوبەشی نێوان پشکنەرەکانی وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی دەرەوە و ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی- یوئێس ئەیدە، لە نوێترین راپۆرتی وەرزیی خۆیدا باس لەوە دەکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چارەکی سێیەمی ساڵی رابردوودا، ئەوانیان ئاگادارکردووەتەوە کە بونیادنانی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، 90٪ی تەواو بووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مەزەندە دەکات،" کۆنسوڵخانەکە 795 ملیۆن دۆلاری تێبچێت و ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ تەواوبێت."
باڵەخانەکە لە هاوینی 2018ـەوە لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی، خۆجێی و بیانی دەست بە بونیادنانی کراوە و و دەبێتە گەورەترین کۆنسوڵخانە لەسەر ئاستی جیهان کە رووبەرەکەی 200 هەزار مەتر دووجایە، واتە 28 هێندەی یاریگەی تۆپی پێ، بەرینە.
راپۆرتەکە کە باس لە چالاکییەکانی چارەکی کۆتایی ساڵی رابردووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و ئاژانسەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە 20ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، وەزارەتی دەرەوە فەرمانیکردووە بە کەمکردنەوەی ئەو کارمەند و کرێکارانەی لەسەر بونیادنانی کۆنسوڵخانەکە کاردەکەن، ئەوەش هاوکات لەگەڵ ئەوەی لەبەر چەند هۆکارێکی ئەمنی، کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر و باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە بەغدا دەستیان بە کەمکردنەوەی کارمەندەکانیان کرد، لە ئەنجامی زیادبوونی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
سەرەنجام، لە 23ی ئۆکتۆبەر، "بڕیاردرا کە کارکردن لەسەر بەشێکی پڕۆژەکە هەڵبپەسێردرێت" و هەموو ئەو کارمەند و کرێکارانەی سەر بە وڵاتانی سێیەم بوون، شوێنەکەیان چۆڵکرد و گەڕانەوە وڵاتەکانیان.
راپۆرتەکە دەڵێت: "وەزارەتی دەرەوە هەڵپەساردنەکەی بۆ 4ی شوباتی 2024 درێژکردەوە. هەڵپەساردنی پڕۆژەکە، بووە هۆی دواکەوتنی تەواوکردنی پڕۆژەکە، ئەوە هەروەها تێچووەکەشی زیاددەکات کە هەر لە ئێستاوە مەزەندە دەکرێت ئەو بپڕە پارەیەی تێپەڕاندبێت کە بۆ پڕۆژەکە دەستەبەرکرابوو."
نووسینگەی بەڕێوەبردنی باڵەخانەکانی دەرەوەی وڵات کە سەر بە وەزارەتی دەرەوەیە، "چاوەڕێی مۆڵەتە بۆ ئەوەی دووبارە جووڵە بە هێزی کار بکاتەوە."
راپۆرتەکە کە مانگەکانی ئۆکتۆبەر تا دیسێمبەری 2023 ئامادەکراوە، بەڵام تازە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت: "ئەگەر تاوەکو 4ی شوبات مۆڵەت وەرنەگرێت، ئەوا نووسینگەکە هێزی کاری زیاتر لە پڕۆژەکە دەکشێنێتەوە، تێچوو و کاریگەریی گۆڕینی خشتەی کارەکانیش، زیاتردەبن."
کۆمەڵگە دیپلۆماسییەکە ژمارەیەک باڵەخانە لەخۆدەگرێت، لەوانە کۆنسوڵخانە، شوێنی حەوانەوەی هێزی مارێنز کە پاسەوانی لە کۆمەڵگەکە دەکەن، لەگەڵ چەند نووسینگەیەکی دیکە.
کۆمەڵگەکە بە شێوەیەکی ژینگەدۆست بۆ کەمکردنەوەی بەکاربردنی ئاو و کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان دروستدەکرێت و بڕیارە لە یەک کاتدا، ستافێکی 400 کەسی تێیدا کاربکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ