خانمێکی 34 ساڵ 85% بەسەر شێرپەنجەی مەمکدا زاڵ بووە: ورەت بەرز بێت، سەردەکەویت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
خانمە 34 ساڵەکە قسە بۆ پەیامنێری رووداو دەکات
خانمە 34 ساڵەکە قسە بۆ پەیامنێری رووداو دەکات
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

خانمێکی 34 ساڵ لە هەولێر دوای پشکنین بۆی دەرکەوتووە کە تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە. شێرپەنجە بە بنەماڵەی ئەو خانمە نامۆ نییە و دوو خوشکی بوونەتە قوربانیی شێرپەنجەی قوڕگ و مەمک، بەڵام ورەبەرزیی ئەم خانمە یارمەتیدەری بووە کە بەسەر نەخۆشییەکەیدا زاڵ ببێت و 85%ی پرۆسەی چاکبوونەوەی کۆتایی بێت.
 
ئەو خانمە تووشبووە تەمەن 34 ساڵە دەڵێت، "بێگومان ئەم هەستە لای هەموو تووشبووان هەستێکی ناخۆشە، هەموو کەسیش بیری بۆ مردن دەڕوات؛ بەڵام ئێمە هەڵەین کە یەکسەر بیر لە مردن دەکەینەوە، ئەگەر مرۆڤ ورەی بەرز بێت و پشت بە خودا ببەستێت و ئەو رێنوێنییانەی پزیشک دیاریی دەکات، جێبەجێی بکات، هەموویان لە نەخۆشییەکە رزگاریان دەبێت."
 
خانووی ئەو خانمە 34 ساڵە لە تەنیشت موەلیدەی گەڕەکە، هەم دەنگ و هەم دووکەڵیشی زۆرە. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، کە ساڵی رابردوو بۆ ئەم خانووە دەرکراوە، پێویستە ئەو موەلیدەیە لەو شوێنە لابدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ لادان و هەڵگرتنی موەلیدەکە نییە.
 
لە پشتی موەلیدەکەشەوە باخچەیەکی منداڵان هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە، بەتایبەتی ئەوانەی کە تووشبووی شێرپەنجەن، دەبێت لە ژینگە و کەشوهەوایەکی خاوێندا بن.
 
تیمی رووداو جگە لەو گەڕەکە، لە چەند گەڕەکێکی دیکە بەدواداچوونی کرد تاوەکو بزانێت تووشبووی دیکەی شێرپەنجەی لێیە، سەرەنجام بۆی دەرکەوت لانیکەم لەو گەڕەکە و دوو گەڕەکی نزیک لێی 8 تووشبووی شێرپەنجە هەن.
 
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە ساڵی 2024دا 9 هەزار و 911 تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، زۆرترین تووشبووەکان شێرپەنجەی مەمکن. خواردنی ناتەندروست و کەشوهەوای پیس لە هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەن.
 
دکتۆر سۆزان هۆشیار، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی مەمک ئاماژە بەوە دەکات، بەراورد لەگەڵ ساڵی 2022 و 2023 رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە زیادی کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشیاریی تەندروستیی خانمان بەرزبووتەوە و هەموو ئافرەتێک دەزانێت کە دەبێت 6 مانگ جارێک سەردانی دکتۆر بکات تاوەکو بزانێت تەندروستیی مەمکەکانی چۆنە.
 
خۆپاراستن لە قەڵەوی و وەرزشکردنی رێکوپێک، کەمکردنەوەی خواردنی شیرینی و زیادکردنی سەوزە، دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان و کەمکردنەوەی گوشار لە رێگەکانی رێگریکردنن لە تووشبوون بە شێرپەنجە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فواد رەحیم - د. هەردی جەواد.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر: ساڵانە ژمارەی تووشبووانمان زیاددەکات

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی تایبەت بە شێرپەنجە لە هەولێر رایدەگەیێنێت، ساڵانە ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکە زیاددەکات، پێشبینیدەکات زیاتر لە 1800 تووشبووی نوێ تۆمارکرابن.