رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی دەڵێت، بۆ رێکخستنەوەی کاری هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان لە بەڕێوەبردنی کاروباری پارێزگای سلێمانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو حیزب لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی کۆبووەتەوە. دەشڵێت، گرفتە سیاسییەکان بەرەو چارەسەر دەچن.
رۆژی سێشەممە، 9ـی ئایاری 2023، سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی قسەی کرد و گوتی، لە چەند رۆژی رابردوودا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دوو جار کۆبوونەوەتەوە و ئەمڕۆش قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی کۆبووەتەوە؛ لەبارەی ئامانجی کۆبوونەوەکانیش، سەمیر هەورامی گوتی: "بۆ رێکخستنەوەی کاری هاوبەشی هەردوو لایەنە، بەتایبەتی بۆ ئیدارەدانی دەڤەری سلێمانی".
سەمیر هەورامی ئاماژەی بەوەکرد، لە هەرێمی کوردستان گرفتی سیاسی و دارایی هەیە. بە گوتەی ئەو، "ئێستا گرفتە سیاسییەکان بەرەو چارەسەر دەچن، بەڵام پێویستە ئەم کۆبوونەوانە درێژەیان پێ بدرێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتە هەنووکەییەکان. لەو چوارچێوەیەدا ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام دەبن".
لەبارەی کێشەکانی سلێمانی کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باسی لێوەکراوە، گوتەبێژەکەی قوباد تاڵەبانی گوتی: "چەند جارێکی دیکەش کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سلێمانی کراوە؛ دوێنێش کۆبوونەوەیەکی باش لەنێوان سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی کراوە و بەهیواین کۆبوونەوەکان بەردەوام بن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان کە باسکراون".
سەمیر هەورامی گوتیشی، ئەمڕۆ تیمی وەزاریی یەکێتی لە ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی ئەم ئێوارەی تیمی یەکێتی باسکردنە لە گەڕانەوەیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و لەوبارەیەوە بڕیارێک دەدەن.
دوێنێ لە هەولێر مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە.
گرژییەکان نێوان پارتی و یەکێتی کاتێک زەقبوونەوەکە قوباد تاڵەبانی لە رۆژی 26ـی ئۆکتۆبەری 2022ـەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەکرد و بایکۆتی کرد؛ وەزیرەکانی یەکێتیش لە 22-12-2022ـەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ