رووداو دیجیتاڵ
دوو هاووڵاتیی بەنگلادیش یەکێکیان 10 ساڵ و ئەوی دیکە 7 ساڵە لە هەولێرن، وەکو خزمەتگوزاری مزگەوتەکان کاردەکەن، لەگەڵ کارەکەیاندا لە زۆرینەی نوێژەکاندا بانگ دەدەن. یەکێکیان بە گوتەی خۆی دەرچووی کۆلێژی شەریعەیە و ئەوی دیکەش دەڵێت، پێشووتر لە بەنگلادیش خزمەتی مزگەوتی کردووە و بانگی داوە.
بەشار باوبەکا لە بەنگلادیشەوە هاتووە و لە نێو جەرگەی هەولێر بانگی نیوەڕۆ دەدات، تەمەنی 26 ساڵە، ماوەی 7 ساڵە لە هەرێمی کوردستانە و لە یەکێک لە مزگەوتەکان خزمەتگوزار و بانگبێژە، زۆربەی هەرە زۆری نوێژەکان جگە لە نوێژی نیوەڕۆی رۆژی هەیینی بانگ دەدات و وەکو خۆی دەڵێت، لە بەنگلادیشیش چەند جارێک بانگی داوە.
بەشار باوبەکا باسی ژیانی خۆی بۆ رووداو کرد و گوتی، "سوپاس بۆ خودا کە هاتووم بۆ ئێرە و خۆشە، پێشتریش لە بەنگلادیش خزمەتی مزگەوتم کردووە، دواتر هاتووم بۆ ئێرە سوپاس بۆ خودا لێرە لەم مزگەوتە خزمەت دەکەم، سوپاس بۆ خودا قسمەتەکەم باشە."
بەشار لە ژوورێکی ئەو مزگەوتە دەمێنێتەوە، جگە لەوەی زمانی کوردی فێربووە تێکەڵاوییەکی باشیشی لەگەڵ کولتووری کوردیدا درووستکردووە، خاوەنی مزگەوتەکە هێندە بەشاری خۆشدەوێت، داوای لێکردووە ژن بێنێت و خێزانێک لێرە دروست بکات.
نیازی نەجمەدین، خاوەنی ئەو مزگەوتەیە کە بەشار لێی خزمەت دەکات و دەڵێت، "لەلای مامم ئیشی دەکرد و مامم هێنای گوتی ئەوە لە مزگەوت بێت، تەواو گوتمان باشە ، قازانجمان کرد وەک کوڕەکانی خۆمان حسابی بۆ دەکەین و هیچ کێشەیەکمان نییە ، بانگدەدات و بانگی بەیانیانیش هەر خۆیەتی چونکە خۆشی دەنگی خۆشە."
چیرۆکی هاوشێوە و دوو کەسی جیاواز
نیوەڕۆی رۆژێکی زستانە، لە ژوورەکەی خۆی لە نێو مزگەوتێک عەبدولڕەحمان قودرەت قورئان دەخوێنێ، دواتر دەرگەکانی مزگەوت دەکاتەوە و بانگی نیوەڕۆ دەدات، عەبدولڕەحمانیش وەک بەشار خزمەتی مزگەوتێک دەکات. تەمەنی 42 ساڵە و 10 ساڵە هاتووە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو لە بەنگلادیش کۆلێژی شەریعەی تەواو کردووە.
عەبدولڕەحمان قودرەت، باس لەوە دەکات کە "رۆژانە بەیانییان کاتی بانگی بەیانی لە خەو هەڵدەستم ئینجا مزگەوتەکان دەکەمەوە و ئەگەر کارەبا هەبێت سپلیتەکان پێدەکەم، ئەگەر کارەباش نەبێت مۆلیدە هەیە و مۆلیدەکە پێدەکەم و بانگ دەدەم و پاشان نوێژ دەکەم، کە نوێژ تەواو بوو دەرگەی مزگەوتەکە دادەخەم و دەڕۆمە ژوورەکەی خۆم و هەندێک پشوو دەدەم."
عەبدولڕەحمان و بەشار و هەموو ئەو بەنگلادیشیانەی کە بانگدەدەن لە مزگەوتەکان، مووچە و هاوکاری کردنیان لە ئەستۆی خاوەنی مزگەوتەکانە.
ئامارێکی روون نییە لەسەر ژمارەی ئەو بەنگلادیشیانەی کە لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن و بانگبێژن،
بەڵام بە گشتی ژمارەی بەنگلادیشیەکانی هەرێمی کوردستان ئێستا نزیکەی حەوت هەزارە و نزیکەی 6000 مزگەوتیش لە هەموو هەرێمی کوردستان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ