چۆمان هەردی: لە خەباتکردن لەپێناو مافی ژنان ناوەستم

09-01-2024
نالین حەسەن
نالین حەسەن
هەڤپەیڤین لەگەڵ د، چۆمان هەردی
هەڤپەیڤین لەگەڵ د، چۆمان هەردی
نیشانەکردن چۆمان هەردی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

د. چۆمان هەردی، نووسەر و چالاکی بواری جێندەری دوای ئەوەی خەڵاتی فەرەنسی – ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ و سەروەری یاسای پێ بەخشرا بە رووداوی گوت بەردەوام دەبێت لە خەباتکردن لەپێناو مافەکانی ژنان و، پەیامیشی بۆ ژنان و کچان ئەوەیە "زۆر گرنگە تا ئەو شوێنەی دەتوانیت لێی بەردەوامبیت. لە مافەکانی خۆت خۆش نەبیت."
 
ئەم خەڵاتەی بە د. چۆمان هەردی بەخشرا، بە هاوبەشیی فەرەنسا و ئەڵمانیا بە کەسایەتییە کاریگەرەکان دەبەخشرێت. چۆمان هەردی، لەو هەڤپەیڤینەدا باس لە هۆکارەکانی پێبەخشینی خەڵاتەکە و پلانی داهاتووی دەکات و دەڵێت؛ "قەت بیرم لەوە نەکردووەتەوە، رۆژێک لە رۆژان خەڵاتی نۆبڵ وەربگرم، بەڵام لە هەوڵ و خەباتم لەپێناو مافی ژنان بەردەوام دەبم."

دەقی هەڤپەیڤینەکە:

رووداو: چۆن بوو چۆمان هەردی لەنێو کۆمەڵێک ژندا بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە هەڵبژێردرا؟
 
چۆمان هەردی: ماوەی 22 ساڵە لە بواری مافی ژناندا کار دەکەم و لەم بوارەدا لێکۆڵینەوەم کردووە و نامەی دکتۆرا و پۆست دکتۆراکەم و... چەند لێکۆڵینەوەیەکی دیکەم لەم بوارەدا کردووە و، وەکو مامۆستا وانەم گوتووەتەوە، هاوکات وەکو راهێنەرێک کارم کردووە. یەکەم خوێندن لەبواری جێندەر لە ساڵی 2011 لە زانکۆی سلێمانی بوو، ساڵی 2015 لە زانکۆی ئەمریکی و زانکۆی سۆران سەنتەری جێندەرمان دامەزرا، بۆ ئەوەی مافی ژن بکرێتە پرۆگرامێکی خوێندنی زانکۆ، بەخۆشییەوە ئێمە لە زانکۆکەی خۆمان توانیمان نۆ وانەی تایبەت بە مافی ژن بخەینە نێو پرۆگرامی خوێندنەوە و بەو بۆنەیەشەوە بووین بە خاوەنی یەکەمین پرۆگرامی خوێندنی جێندەر. لە خوێندنی ئەمریکا مرۆڤ دەتوانێ هەم پسپۆڕی یەکەمی هەبێت کە وانەکەیەتی، لەپاڵ ئەویشەوە پسپۆڕی دووەمی هەبێت کە مادەیەکی بچوکترە. ئێمە لەو بوارەدا نۆ وانەمان هەیە کە قوتابیان دەتوانن بیخوێنن. جگە لەوەی ساڵانێک کارم کردووە لەو بوارە، بەخۆشییەوە توانیومە هەندێک راپۆرتی زۆر گرنگ لەسەر نوێنەرایەتیی ژن لەنێو پرۆگرامی خوێندنی پۆلی سەرەتایی تاوەکو پۆلی نۆ و تەنانەت لەسەر چۆنیەتی نوێنەرایەتیکردنی میدیا بۆ ژن لە میدیای کوردی و عێراقی، هەروەها چەمکی پیاوێتی و پیاوبوون لەنێو کۆمەڵگەی کوردی و لە چەند بوارێکی دیکەیشدا کارم کردووە و خولی راهێنانم هەبووە و وانەم گوتووەتەوە.
 
رووداو: مەرجەکان چی بوون بۆ ئەوەی ببیتە بەربژێر بۆ ئەم خەڵاتە؟
 
چۆمان هەردی: مێژووی کەسەکە، چەند ساڵە لەم بوارەدا کار دەکات و چی کردووە و چۆن بەردەوامبووە لەسەر کارەکەی، وەکو لە مەرجی پێبەخشینی خەڵاتەکەشدا دەڵێت، ئەو کەسانەی لە شوێنێکی سەختدا یان لە بوارێکدا رووبەڕووی سەختیی دەبنەوە، هێشتا پێداگری دەکەن و بەردەوامدەبن لەسەر خەباتەکەیان، ئەو کەسانە زیاتر هەڵدەبژێردرێن بۆ پێدانی خەڵاتەکە. پێشتر د. نەغم نەوزاد کە چالاکڤانێکی ئێزدییە، یەکەم براوەی ئەو خەڵاتە بووە لە عێراق و، من دووەم کەسم وەریدەگرم کە هەردووکمان ژنە کوردین.
 
رووداو: تۆ زیاتر وەکو شاعیر و نووسەر ناسراوی، چۆن خەڵاتێکت لەبواری مافی مرۆڤدا وەرگرت؟
 
چۆمان هەردی: من، لە ئەدەبیاتدا ئەوەی نووسیومە زیاتر بە زمانی ئینگلیزی بووە، لە دەرەوەی وڵات من زیاتر وەکو نووسەر ناسراوم، پێنج کتێبم بە زمانی ئینگلیزی هەن، کە رۆمان، شیعر و کتێبی ئەکادیمین، جگە لەوەی هەندێک لە شیعرەکانی من لە ساڵی 2010ـەوە لە پرۆگرامی خوێندنی بەریتانیادا دەخوێندرێن، بۆیە لەوێ زیاتر وەکو ئەدیبێک ناسراوم، بەڵام تەنانەت نووسینی شیعر و ئەدەبیاتەکەشم زۆر پەیوەندی بە مافی ژنانەوە هەیە. بۆ نموونە لە دوایین رۆمانمدا کە ساڵی 2023 چاپ بوو، هەوڵمداوە زیانەکانی پیاوسالاری، نەک تەنیا بۆ ژنان، بەڵکو بۆ پیاوانیش وێنا بکەم، بۆ نموونە زۆرجار پێداگری دەکەینەوە لەسەر ئەوەی ژنان لە سیستمی پیاوسالاریدا زەرەرمەندن، تەنانەت ئەو پیاوانەش کە لەژێر گوشاردا هەندێک جار هەندێک هەڵە بەرامبەر خۆشەویستەکانی خۆیان دەکەن، جا خوشکیان بێت، دایکیان بێت یان هاوسەریان بێت، دوایی تووشی کێشە دەبن. هەوڵمداوە ئەزموونێکی وا بگێڕمەوە، کە پیاوێک خۆی قوربانی سیستمی پیاوسالارییە و بەو شێوەیە پەروەردە کراوە و چۆن زەرەرمەند بووە لەو سیستمە. تەنانەت لە رووی ئەدەبیشەوە بواری مافی ژنان هەمیشە بۆ من ناوەند بووە، لە لێکۆڵینەوەکانیشم و لە وانەکانیشمدا، لەو مەنهەجەشدا کە دروستمان کردووە هەر ژن سەنتەر بووە. 
 
رووداو: هەنگاوی دوای وەرگرتنی ئەم خەڵاتەت چی دەبێت؟
 
چۆمان هەردی: لەسەر کاری خۆم بەردەوام دەبم، چەند لێکۆڵینەوەیەکی دیکەم بەدەستەوەیە، کە هیوادارم لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوو تەواویان بکەم. یەکێک لەوانە رۆڵی ژنە لە شۆڕشی کورد، بەتایبەت دوا قۆناخ کە ساڵی 1976 بۆ 1990ـە. جگە لەوەش هەندێک پرۆژەی ئەدەبیم بەدەستەوەیە. هیوادارم بتوانم لەبواری وانەگوتنەوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامبم.
 
رووداو: تۆ کچی ئەحمەد هەردی، شاعیری ناوداری کوردی، خۆشت لەبواری مافی ژناندا زۆر کارت کردووە و خەڵاتی زۆریشت وەرگرتووە، پەیامی تۆ بۆ ژنانی کورد چییە، پێویستە چی بکەن بۆ ئەوەی زیاتر مافەکانیان بەدەستبهێنن؟
 
چۆمان هەردی: هەمیشە بە قوتابییە کچەکانیشم دەڵێم، هەندێک شت هەیە زۆر گرنگە و ئێمە دەتوانین لە لای خۆمانەوە کاریان لەسەر بکەین، زۆر گرنگە خۆمان پەروەردە بکەین، تۆی ئافرەت، تۆی کچ زۆر گرنگە خوێندەوار بیت و خوێندنەوەت هەبێت بۆ بارودۆخی خۆت لەنێو کۆمەڵگەکەتدا و تێگەیشتنت بۆ بارودۆخی کۆمەڵگەکەت هەبێت و داکۆکی لە مافەکانی خۆت بکەیت. واتا یەکەم شت خۆپێگەیاندنە و لەبواری خوێندندا، زۆر گرنگە کە تا ئەو شوێنەی دەتوانیت لێی بەردەوامبیت. لە مافەکانی خۆت خۆش نەبیت، بە مەرجێک خۆت دوور نەخەیتەوە لە کۆمەڵگە. من یەکێک بووم لەوانەی لە تەمەنێکی زۆر زووەوە بە بەردەوامی خەریکی دانوستان بووم لەگەڵ دایکم و خوشکەکانم. زۆر گرنگە لەنێو خێزانەکانماندا ئەگەر هەست بە نادادپەروەری دەکەین، قسە بکەین و گفتوگۆی لەسەر بکەین. 
 
جاری وا هەیە گەنجەکان دەترسن لەوەی رووبەڕووی کێشە ببنەوە، دەترسن ئەگەر بێنە بواری مافی ژنانەوە و کار بکەن، رووبەڕووی کۆسپ و ناوزڕاندن و هێرش و پەلامار ببنەوە. مێژوو پێمان دەڵێت، بەبێ ئەو کەسانەی شەڕیان کردووە بۆ دادپەروەری و هەندێک جار بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، گۆڕانکاری دروست نابێت. گرنگە لەسەر دادپەروەری پێداگربین، جا ئەگەر پەیوەندی بە مافی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە هەبێت، پەیوەندی بە چینی هەژارەوە هەبێت یان مافی ژنانەوە. واتا چ بابەتێک بۆ ئێوە گرنگە داکۆکی لێ بکەن. دڵنیابن ئەگەر لەسەر کارەکەتان بەردەوام بن، دانپێدانانی گەورەش وەردەگرن و سەرکەوتوو دەبن.
 
رووداو: دوای ئەوەی ئەو خەڵاتەت پێشکەش کرا، ئاخۆ کار بۆ ئەوە دەکەی لە داهاتوودا خەڵاتی نۆبڵ بەدەست بهێنیت؟
 
چۆمان هەردی: ئەوە بابەتێک نییە خۆم کاری لەسەر بکەم. بە بڕوای من ئەمە شتێکی دوورە، لە خەیاڵی خۆمدا بە هیچ جۆرێک بیرم لەوە نەکردووەتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگە، ئەوەیە؛ بتوانم لە کارەکەی خۆم بەردەوامبم. زۆر جار هەیە بەتایبەت کە رووبەڕووی هێرش دەبینەوە، خەڵکی دیکە پێمان دەڵێن ئەوە تۆ هێشتا لێرەی؟ هێشتا ماوی؟ بەڵێ من هێشتا لێرەم و لە کارکردنم بەردەوامم، خەبات لە پێناو مافی ژنان یەکێکە لەو بابەتانەی کە من بۆی دەژیم و ئەگەر وازی لێ بهێنم، چیدیکە نابم. پێویستە ئامادەیی ئەوەشمان هەبێت لە پێناو ئەو خەباتەی دەیکەین قوربانی بدەین و بەردەوامبین تاوەکو سەرکەوتن بەدەست دەهێنین.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە